نێچیرڤان بارزانی گەیشتە هۆڵی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە سلێمانی


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و بڕیارە گوتارێک پێشکێش بکات.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەمێک پێش ئێستا گەیشتە نێو هۆڵی تەلاری هونەر لە سلێمانی کە کۆنگرەی پێنجەمی تێدا دەکرێت و بڕیارە لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی کۆنگرەکەدا، گوتارێک پێشکێش بکات. دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان یاوەریی نێچیرڤان بارزانی دەکات.
 
لەنێو سەرکردە عێراقییەکانیش؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق و رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون گەیشتوونەتە نێو هۆڵی کۆنگرە و بەشداریی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەکەن.
 
 
 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی خۆی بە بەشداریی 600 ئەندام لە شاری سلێمانی دەبەستێت. سەرکردەی زۆرینەی حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وەک میوان بانگهێشتی کۆنگرەکە کراون. 
 
بەشی زۆری حیزبەکانی هەرێمی کوردستان وەک میوان بانگهێشتی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراون. 
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 1-06-1975 دامەزراوە و ئەندامی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵە.
 
- لە حوزەیرانی 1975 بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی لە دیمەشق راگەیێندرا. 
- لە ساڵی 1992 یەکەمین کۆنگرەی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەست و 793 ئەندام بەشداربوون.
- لە ساڵی 2001 دووەمین کۆنگرەی بە بەشداریی 1247 ئەندام لە سلێمانی بەست. 
- لە ساڵی 2010 بە بەشداریی زیاتر لە 1500 ئەندام، کۆنگرەی سێیەمی بەست. 
- لە ساڵی 2019 بە بەشداریی زیاتر لە 1000 ئەندام کۆنگرەی چوارەمی بەست و بۆ یەکەمجار سیستمی هاوسەرۆکیی پەسندکرد.
 
هەروەها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنج پلنیۆمی بەستووە.
- ساڵی 1990 لە قاسمەڕەش یەکەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 1995 لە هەولێر دووەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2007 لە قەڵاچوالان سێیەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2009 لە سلێمانی، چوارەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2013 لە سلێمانی، پێنجەمین پلنیۆمی بەست
 
جگە لە کۆنگرە و پیلینۆمەکان، یەکێتی لە تەمەنیدا دوو کۆنفرانسیشی سازکردووە:
 
- لە 31-8 تاوەکو 12-9-1977 لە برادۆست.
- 2-18ـی ئاداری 1980 لە ناوزەنگ