پەروین بوڵدان: هاوپەیمانیی کوردستان رادەگەیێنین

27-09-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان رایگەیاند، هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی فراوانتر دەبێت و هەرچی زووە هاوپەیمانیی کوردستانییش رادەگەیێنن.
 
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە رۆژی دووشەممە 26ی ئەیلوولی 2022 لە شاری سەمسووری باکووری کوردستان بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا کرد کە لەلایەن پارتەکەیەوە رێکخرابوو.
 
پەروین بوڵدان باسی لە هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی کرد و گوتی، هاوپەیمانییەکە فراوانتر دەکەن، نەک تەنیا لەگەڵ هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لە تورکیا، "بەڵکو لەگەڵ کوردەکانیش بە زووترین کات هاوپەیمانییەکی گەورەی کوردستانی دادەمەزرێنین" و لە کارنامەی مانگی داهاتووی پارتەکەیاندا کار لەسەر پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە دەکەن.
 
هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوەدا، خەڵک بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاویان لە هەڵبژاردنە بۆ رووخاندنی ئاکەپە و مەهەپە لە دەسەڵات.
 
هەدەپە رۆژی 24ی ئەیلوولی 2022 لە شاری ئیستەنبووڵ لەگەڵ شەش پارتی چەپ و سۆسیالیست "هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی"ی بە شێوەیەکی فەرمی راگەیاند و نەخشەڕێگەی سیاسیی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئاشکرا کرد.
 
ئەو شەش پارتەی تورکیا کە لەگەڵ هەدەپە لە هاوپەیمانێتییەکەدان بریتین لە: پارتی کرێکاری تورکیا (TİP)، پارتی رەنجدەران (EMEP)، پارتی ئازادی کۆمەڵگە (TÖP)، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران (EHP)، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم (SMF) و رێکخراوی ماڵی خەڵک (HEV).
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە