شەش هاندەرەکەی ئامەدسپۆر ئازاد کران

27-09-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو - هەولێر 

شەش هاندەرە دەستگیرکراوەکەی ئامەدسپۆر دوای رۆژێک لە دەستگیرکردنیان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئەیلوولی 2022، لە لایەن دادگەی سزا بنەڕەتییەکان ئامەدەوە بە مەرج ئازاد کران. 
 
رۆژی 25ی ئەیلوولی 2022، هەزاران هاندەری یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان بە ئاڵای کوردستان و گوتنەوەی "بژی بژی کوردستان" چوونە یاریگە و پاڵپشتیی یانەکەیان کرد، لەو یارییەدا کە بەرامبەر یانەی بوڕساسپۆر کردیان. پۆلیسی تورکیاش لێکۆڵینەوەی لەوبارەیەوە کرد و شەش هاندەری ئامەدسپۆری دەستگیرکرد. 
 
هاندەرەکان بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە و نانەوەی رق و کینە رەوانەی گرتووخانە کران و ئەمڕۆش دادگەی سزا بنەڕەتییەکان لە ئامەد، دوای وەرگرتنی بەڵێننامە لێیان، سزای پێبژاردنی بەسەریاندا سەپاند و بە مەرجی دادی ئازادی کردن.
 
رۆژی 25ی ئەیلوول، یانەی ئامەدسپۆر لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا میوانداریی یانەی بوڕساسپۆری کرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێ بردەوە. هاندەرانی یانە کوردییەکە ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە و دروشمی "بژی کوردستانیان" گوتەوە و لەنێو یاریگەدا وێنەی ژینا ئەمینییان بەرزکردەوە و سەرکۆنەی شێوازی گیانلەدەستدانەکەیان کردبوو.
 
ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری رووداو لە ئامەد رایگەیاند، زیاتر لە 10 ساڵە ئەو ململانێیە لەنێوان هەردوو یانەکەدا هەیە، بەردەوام لە یارییەکانیاندا ئەو گرفتانە روودەدات. ئاماژەی بەوەش کردبوو کە فەرمانی گرتن بۆ حەوت کەس دەرکراوە، شەش کەس لەوانەی فەرمانیان بۆ دەرکراوە، دەستگیرکراون.
 
پێشتر بەهۆی رێگریکردن لە ئامادەبوونی هاندەرانی ئامەدسپۆر لە یارییەکانی یانەکەیاندا، هاندەران گردبوونەوەی جیاوازیان ئەنجامدا و ناڕەزایەتیی خۆیان گەیاندە بەرپرسانی تورکیا و تۆپی پێی ئەو وڵاتە و ئەمەیان بە "ستەمکردن لە هاندەران و یانەی ئامەدسپۆر" لێکدایەوە، بۆیە چوار کاژێر بەر لە ئەنجامدانی ئەم یارییە، هاندەرانی یانەکە چوونە بەردەم یاریگە و چاوەڕێی کردنەوەی دەرگەی یاریگەیان دەکرد بۆ ئەوەی بچنە نێو یاریگە و پاڵپشتیی یانەکەی باکووری کوردستان بکەن.
 
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر کە پارتێکی سیاسییە و لەسەر بنچینەی دژەکۆچبەری دامەزراوە، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە تویتێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "نابێت هیچ یاریزانێکی بوڕساسپۆر لووتیشی برینداربێت. لەنێو یاریگەدا لە تووندوتیژی دوور بکەونەوە، تۆپی پێ وەرزشە و دەبێ هەر وەکو وەرزش بمێنێتەوە." 
 
یاریی نێوان بورسا و ئامەد زۆربەی جار تووندوتیژیی لێدەکەوێتەوە، هاندەرانی بورسە و ئامەد هوتاف لە دژی یەکدی دەڵێنەوە بە جۆرێک زۆربەی جار دۆخەکە هەڵکشان بەخۆوە دەبینێت کە هاندەران زیان بە یاریزانانیش دەگەیێنن و لێیان دەدەن. 
 
لەگەڵ دەستپێکردنی یارییەکە، بەشێک لە هاندەرانی ئامەدسپۆر ئاڵای کوردستانیان شەکاندەوە و بەشێکیشیان بە یەکپۆشی چوونە یاریگە و تیشێرتەکانیان وێنەی قازی محەممەد و ژینا ئەمینیی لەسەر چاپکرابوو، ئەمە هاندەرانی بورسەی تووڕەکرد، هەروەها لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ئاڵای کوردستان کاردانەوە و هەڕەشەی "تورکە تووندئاژۆکان"ی بەدوای خۆیدا هێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.