بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی دەستنیشان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەم هەفتەیە لیژنەى باڵا و دەستەى هاوئاهەنگی دووەم کۆنفرانسى نیشتیمانیى بزووتنەوەى گۆڕان لەگەڵ جڤاتی نیشتمانی لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەکە کۆببنەوە و بڕیار لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە بدرێت.
نزار مەحموود، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی، هەموو راپۆرتەکانی کۆنفرانسە نێوخۆییەکان بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی ئامادەکراون و ئەم هەفتەیە ئەو راپۆرتانە دەخرێتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکارییەکان بکرێت بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی و شوێن و رۆژیش دیاری بکرێت.
نزار مەحموود گوتیشی، پێشتر چەند جارێک باسی ئەوە کراوە کە گوایە کاتی کۆنفرانس دیاریکراوە، بەڵام ئەو کات راپۆرتەکانی لیژنەکە ئامادە نەکرابوون، ئەگەر نا هیچ کێشەیەکی نێوخۆیی نییە تاوەکو رێگربێت لە بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی.
ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆنفرانسی نیشتمانی هیچ هەڵبژاردنێک بۆ رێکخەری گشتی یان خانەی راپەڕاندن ناکرێت، هەڵبژاردن لەنێو گۆڕان لە خوارەوە دەستپێدەکات و شارەکان نوێنەری خۆیان دیاری دەکەن و دواتر جڤاتی نیشتمانی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵدەبژێرێت.
لەبارەی کاری کۆنفرانسی نیشتمانییشەوە باسی لەوە کرد کە دەتوانرێت لە کۆنفرانسدا هەیکەلی بزووتنەوەکە بگۆڕدرێت، هەندێک بۆچوون هەن؛ لەسەر ئەوەی تەنیا رێکخەر هەبێت و ژوورەکان و مەکۆکان کارەکانی خۆیان بکەن، بۆچوونێکی دیکە ئەوەیە؛ رێکخەرێک و دوو جێگر هەبن، بۆچوونی سێیەمیش ئەوەیە کە خانەی راپەڕاندن وەکو خۆی بمێنێتەوە.
سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی پۆست لە لایەن کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەکەوە، نزار مەحموود دەڵێت: "ئەوانیش هاوشێوەی هەر هەڵسوڕاوێکی دیکە مافیان هەیە بەشداریی کۆنفرانسی نیشتمانی بکەن، مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بەربژێر بکەن بۆ هەر پۆستێک لەنێو بزووتنەوەکەدا."