وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: داوا لە سەرۆکی نەوەی نوێ کراوە داوای نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان بکات، بەڵام وەڵامی نەبووە

27-09-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی دەربەندیخان رایگەیاند، بە نووسراو وەڵامی جووڵانەوەی نەوەی نوێیان داوەتەوە و رەزامەندییان دەربڕیوە کە تونێلی دەربەندیخان نۆژەن بکەنەوە. هەروەها وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، "بە دوو نووسراو داوا کراوە سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ خۆی داوای نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە." 
 
رۆژی سێشەممە 27-9-2022، سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەفتەیە جووڵانەوەی نەوەی نوێ نووسراوێکیان ئاراستە کردین بۆ نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان و داوای ئەوەیان کردبوو هاوکاریان بین لە کاتی نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە رێگەی جێگرەوەیان بۆ دابین بکەین."
 
لەبارەی وەڵامیان بۆ ئەو نووسراوە، سلێمان محەممەد گوتی، ئەوان وەڵامی نووسراوەکەیان داوەتەوە و بە نەوەی نوێیان گوتووە، "وەک قایمقامیەتی دەربەندیخان بە هەموو شێوەیەک هاوکار دەبین و دوای رەزامەندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەتوانن تونێلەکە نۆژەن بکەنەوە و لە کاتی نۆژەنکردنەوە رێگەی جێگرەوە بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل دابین دەکەین." 
 
رۆژی 28-4-2022، لە تونێلی دەربەندیخان، رووداوێکی وەرگەڕان و گڕگرتنی تانکەرێکی سووتەمەنیی روویدا، بەهۆیەوە پێنج ئۆتۆمبێل بە تەواوی سووتان و دوو کەسیش بریندار بوون، زیانی ماددیش بەر تونێلەکە کەوت. لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە 195 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە درا. بەڵام بەهۆی نەبوونی نەختینە لە بانک تاوەکو ئێستا تونێلەکە نۆژەن نەکراوەتەوە.
 
هەر لەوبارەیەوە، مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نەوەی نوێ نووسراویان بۆ وەزارەت کرد، ئێمەش بە دوو نووسراو ئاگادارمان کردوونەتەوە کە پێویستە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ خۆی نووسراومان بۆ بکات و داوای نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە بکات، بۆ ئەوەش مۆڵەتی هەفتەیەکیان پێدرا، بەڵام تاوەکو ئێستاش ئەوان وەڵامیان نەداوەتەوە." 
 
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە یەکەم نووسراو کە 22ی ئەم مانگە ئاراستەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کردووە داوا دەکات، شاسوار عەبدولواحید نووسراو بۆ وەزارەتەکە بکات و بەڵێن بدات، "دەرخستەی وەزارەتمان بۆ نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە بێ کەموکورتی جێبەجێ دەکات، ئەوکات هاوکاری دەکەین، وەزارەتمان لە داهاتوویەکی نزیکدا تونێلەکە نۆژەن دەکاتەوە لەبەرئەوە پێویستە لە ماوەی یەک هەفتە وەڵاممان بدەنەوە." 

 

 
لە نووسراوی دووەمی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کە 26ی ئەم مانگە ئاراستەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان کراوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دووبارە داوا دەکات سەرۆکی جووڵانەوەکە بە نووسراوی کەسی داوای نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە بکات و لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ئاگادارمان کردوونەتەوە کە رەزامەندی نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە تەواو بووە و لە داهاتوویەکی زۆر نزیک وەک وەزارەت پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە دەستپێدەکات، هەر لەبەر ئەوەبوو لە نووسراوی رابردوو مۆڵەتی یەک هەفتەمان پێ دابوون، چونکە ئەم بابەتەی بەرێزتان تەنیا بۆ بانگەشەی نادروستە نەک بۆ خزمەتکردن، ئەگەر بۆ خزمەتکردنە ئەوە با ئەو بەرێزە بفەرمووێت نووسراو بکات و وەزارەتمان هاوکار دەبێت."
 
درێژی تونێلی دەربەندیخان نزیکەی 800 مەترە؛ تونێلەکە قەزاکانی کفری، کەلار و دەربەندیخان بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیسبوونی ژینگەی هەولێر.

زیاتر لە 190 پاڵاوگەی نایاسایی ژینگەی هەرێمی کوردستان پیس دەکەن

مادە پیسکەرەکانی زەوی، ئاسمانی شارەکانی هەرێمی کوردستانیان دادەپۆشیوە. بەتایبەت لە هەولێر. تاوەکو ئێستا وێستگەی پێویست بۆ پێوانەکردنی رێژەی پیسیی هەوا لە هەرێمی کوردستان دانەنراوە، بۆیە رێژەکەی نازاندرێت.