دامەزراوەیەک بۆ ناساندنی ژیان و خەباتی مام جەلال دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو "دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی" بۆ نیشاندان و ناساندنی ژیان و خەباتی مام جەلال تاڵەبانی و پاراستن و هەڵگرتنی ئەو کەلوپەلانەی هەیبووە و بەکاریهێناون لە شاری هەولێر رابگەیێندرێت. سەرۆکی دامەزراوەکەش دەڵێت" دامەزراوەکە هەموو کاروبارێکی یاسایی تەواوبووە و داوا لە هەموو کەسێک لە هەموو دنیا دەکەین هەر شتێکی مام جەلالیان لەلا بێت بیگەیەنێتە دامەزراوەکەمان و بەناوی خۆیەوە دەیپارێزین."
 
رۆژی دووشەممە 26ی ئەیلوولی 2022 د. محەممەد سابیر، سەرۆکی "دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی" بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە دووشەممەی داهاتوو 3ی تشرینی یەکەمی 2022 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پرۆژەکە رابگەیێنین و لەوێ یەکەمین چالاکیی دامەزراوەکەمان ئاشکرا دەکەین کە ئەویش یادکردنەوەی پێنجەمین ساڵیادی ژیانئاوایی مام جەلال تاڵەبانییە لە رۆژی 3ی ئۆکتۆبەری 2022."
 
پرۆژەکە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و سەرۆکی لایەنە سیاسییەکان و دیپلۆماتکارانی بیانی و کۆنسوڵ و باڵیۆزی وڵاتان لە هەولێر رادەگەیێندرێت.
 
سەرۆکی دامەزراوەکە، کە دەڵێت هەموو رێوشوێن و پێداویستییە یاساییەکانی دامەزراوەکەیان تەواوکردووە و مۆڵەتی لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش وەرگرتووە، ئاماژە بەوە دەکات، "مام جەلال کەسایەتییەکی دیاری کورد و عێراقی و نێودەوڵەتییش بوو، بۆیە لە جیهانیشدا وا باوە کە خەڵک رێز لە سەرکردەکانی خۆی دەگرێت و دەست بە کەلوپەل و پێداویستی و ئەرشیڤ و خەباتیەوە دەگرێت، ئێمەش بەشێکی ئەو شتانەمان لەلایە و هەڵمانگرتوون."
 
د. محەممەد سابیر داوای کرد، هەر کەسێک شتەکانی مام جەلالی لەلایە، دەتوانێت بیگەیێنێتە دامەزراوەکە. گوتیشی، "هەموو کەلوپەلەکان دەخەینە ئەو شوێنە کە مۆزەخانە و شوێنی ئەرشیڤ و چەند بەشێکی دیکە لەخۆدەگرێت و لەناو مەزاری مام جەلال دەبێت دوای ئەوەی کە دروستدەکرێت، بەڵام ئێستا شوێنمان لە یەکێک لە تاوەرەکانی قەیوانە لە سلێمانی و دواتر ناونیشانەکانی خۆمان رادەگەیێنین."
 
"دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی"، کە کورتکراوەکەی ناوەکەی (PJTF)ـە، بەپێی قسەی سەرۆکەکەی، نزیکەی پێنج مانگ دەبێت کار لەسەر دامەزراندنی دەکەن و پەیڕەوی ناوخۆییشی هەیە کە لە 20 ماددە پێکدێت، بنكەی سەرەكیی لە سلێمانی دەبێت و لە شوێنی دیکەش بنکەی دەبێت، دامەزراوەکە لە دەستەیەکی حەوت کەسی پێکدێت لەگەڵ دەستەی راوێژکاری و دەستەی کارگێڕییش لە سەرۆک و جێگر و بەڕێوەبەرەکانی کارگێڕی، پڕۆژەکان، دارایی، پەیوەندییەکان و یاسایی پێکدێت.
 
لەبارەی سەرچاوە داراییەکانی "دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی"ش، د. محەممەد سابیر ئەوەی خستەڕوو، "لە سێ سەرچاوەوەیە کۆمەک و بەخشینەکان و ئەو دیاری و بەخششانەیە کە پێشکێشی دامەزراوەکە دەکرێن، جگە لە هەر مینحەیەک لەلایەن حکومەتەوە بۆی و بۆ پڕۆژەکانی دیاریبکرێت، هەروەها ئەو پارانەی کە لەڕێگەی وەبەرهێنانی چالاکی و بەرهەمەکانیەوە دەستیدەکەوێت."
 
جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی 17-12-2012 لە بەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە باری تەندروستیی تێکچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، رۆژی 19-07-2014 گەڕایەوە سلێمانی.
 
پاشان جارێکی دیکە بۆ هەمان مەبەست برایەوە ئەڵمانیا، دواتر برایە نەمسا، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2016ش گەڕایەوە کوردستان و باری تەندروستیی باشتر بوو.
 
رۆژی سێشەممە 03-10-2017جەلال تاڵەبانی لە نەخۆشخانەیەکی بەرلین کۆچی دواییکرد.
 
ژیاننامەی مام جەلال:
 
- جەلال حیسامەددین نوورەڵڵا تاڵەبانی، لە ساڵی 1933 لە گوندی کەلکان لە بناری چیای کۆسرەت لەدایکبووە.
 
- ساڵی 1959 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە و لە کاری سیاسیش بەردەوام بووە.
 
- مام جەلال لە ناوەڕاستی ساڵی 1970 لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوژینی پێکهێناوە.
 
- لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستاندا لە ساڵی 1961، کە دواتر بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
 
- ساڵی 1976 لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراند و بووە سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە.
 
- ساڵی 1986 لەگەڵ ئیدریس بارزانی رۆڵی سەرەکییان لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی گێڕاوە و لە شاری تاران رێککەوتنێکیان بۆ ئەو مەبەستە واژۆکردووە.
 
- لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان جارێکی دیکە لە چوارچێوەی شاندی بەرەی کوردستانیدا لە بەغدا چاوی بە سەددام حوسێن دەکەوێتەوە و ئەوجارەش دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی عێراق بێئاکام دەبن.
 
لە هەرسێ کۆنگرەکەی یەکەمی یەکێتی بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردراوەتەوە.
 
- لە یەکەمین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1992 کاندید بووە بۆ رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان.
 
- لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003، ئەندامی جڤاتی فەرمانڕەوایی عێراق (مەجلیسی حوکم) و بۆ خولێکیش سەرۆکی ئەو جڤاتە بووە. هەروەها لە داڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
 
- رۆژی 6 ی نیسانی 2005 بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کوردێک بووە سەرۆککۆمار، ئەو کەسەش مام جەلال بوو.
 
- رۆژی 22 ی نیسانی 2006 سەرلەنوێ کرایەوە سەرۆککۆماری عێراق.
 
- لەبەرئەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق بۆ کوردستان بوو، ساڵی 2010ـیش دیسان مام جەلال بووەوە سەرۆککۆمار.