شۆڕشی گوڵان؛ بەرگی چوارەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) بڵاوکرایەوە

27-09-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەرۆک مەسعود بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرگی چوارەمی زنجیرە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) لە نووسینی سەرۆك مەسعود بارزانی بە ناونیشانی (شۆڕشی گوڵان) بڵاوکرایەوە.
 
بەرگی چوارەمی كتێبەکە کە لە شاری هەولێر و لە مانگی ئابی 2021 لەچاپدراوە، لە دووبەش پێكهاتووە. بەشی یەكەمی  616 لاپەڕەیە و بەشی دووەمیشی لە 488 لاپەڕە پێكهاتووە. كتێبەكە كۆمەڵێك وێنە و دوكیۆمێنتیشی تێدایە.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پێشەکی بەشی یەکەمی کتێبەکە نووسیویەتی، هەرچەندە دەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای نسکۆی ساڵی 1975 کارێکی ئاسان نەبوو، تەنانەت لای زۆر کەس پتر لە خەیاڵ دەچوو، بەڵام بە دەستپێکردن و هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، ئەو راستییە بە تەواوی سەلمێندرا کە بیروباوەڕ و ئیرادە لە سەرووی هەموو شتێکە و هیچ بەربەستێک توانای رووبەڕووبوونەوەی ئیرادە و بیروباوەڕی نییە.
 
سەرۆک بارزانی رایدەگەیێنێت، نسکۆی شۆڕش نسکۆیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو سیاسی بوو. لە بارودۆخی هەستیار و تەنانەت پڕ مەترسیی ئەوساتدا واقعێکی ناخۆش هاتبووە ئاراوە، بەڵام دەبووایە بەرپرسیارانە بجووڵێیەنەوە و ئەو واقعە قبووڵ نەکەین، ئەوە بوو بڕیارماندا نسکۆی شۆڕش بکەینە وەرچەرخانێک بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی تازە.
 
لە پێشەکییەکەدا سەرۆک بارزانی باسی شای ئێرانی کردووە لە شۆڕشی ئەیلوول و نووسیویەتی، هەمیشە دەمانزانی شای ئێران لە نیازپاکی و خۆشەویستییەوە نییە کە یارمەتیی شۆڕشی ئەیلوول دەدات، بەڵکوو ئەوە بەرژەوەندییەکانی بوون هانی دەدا هاوکاریی شۆڕش بێت.
 
هەروەها لە بەشێکی پێشەکییەکەدا سەرۆک بارزانی باسی سەردانی ئیدریس بارزانی کردووە لە 8ـی ئازاری 1974 بۆ بەغدا بۆ ئەوەی دوو پێشنیازی شۆڕش بداتە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی بەغدا کە پێشنیازەکانیش ئەمانە بوون:
 
یەکەم؛ یاسای ئۆتۆنۆمی بۆ ماوەی ساڵێک دوابخرێت، بۆ ئەوەی دەرفەت هەبێت لەو ماوەیەدا هەردوولا بگەنە رێککەوتن
 
دووەم؛ ئیدارەیەکی هاوبەش بۆ کەرکووک دابنرێت
 
بەڵام وەک سەرۆک بارزانی دەڵێت، سەددام کە خۆی بە زۆردار و خاوەن هێز دەزانی و لەخۆبایی ببوو، بە کاک ئیدریسی راگەیاند کە  "بەهیچ شێوەیەک یاساکە دوا ناخرێت، ئیدارەی هاوبەشیش بۆ کەرکووک نابێت و یاسای ئۆتۆنۆمیش لەکاتی خۆیدا رادەگەیێندرێت". سەددام گوتبووشی کە تەنیا 15 رۆژتان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی قبووڵی بکەن، یان نەیکەن. سەددام هەروەها بە کاک ئیدریسی گوتبوو "بە باوکت بڵێ ئەگەر ناچاربم لە بەرژەوەندیی شای ئێران دەست لە شەتولعەرەب هەڵدەگرم و ئێوە باجەکەی دەدەن".
 
لەبەرانبەر ئەو قسانەی سەددامدا وەک لە نووسینەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، کاک ئیدریس پێی گوتبوو، باشتروایە بۆ گەلی خۆت تەنازوول بکەی، نەک بۆ خەڵکی تر و، زۆر هەوڵی لەگەڵ سەددام دابوو، کەچی هیچ سوودی نەبوو.
 
سەرۆک بارزانی لە پێشەکییەکەدا باسی دەستپێکردنی شۆڕشی گۆڵان دەکات و رایدەگەیێنێت، شۆڕشی گوڵان بە ئیرادەی پۆڵایین و لەبننەهاتووی گەلەکەمان دەستیپێکرد و یەکەم چالاکیی پێشمەرگەش لە 26 ئایاری 1976 لە ناوچەی حاجی ئۆمەران کرا کە بەداخەوە لەم چالاکییەدا سەید عەبدوڵڵا شەهید بوو و بووە یەکەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان. شۆڕشی گوڵان رۆژ بە رۆژ گەشەی کرد و بەرفراوان و گشتگیر بوو و، بووە جێی هیوا و ئومێدی گەلی کورد و بڕوا و متمانەی جەماوەری کوردستانیش زیاتر بووە.
 
رۆڵی ئیدریس بارزانی لە شۆڕشی گوڵان
 
بەشی نۆیەمی بەشی دووەمی کتێبەکەی سەرۆک بارزانی باسی رۆڵی ئیدریس بارزانی لە شۆڕشی گوڵان کراوە. لە نووسینەکەدا هاتووە کە " کاک ئیدریس بارزانی بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو، هەروەها بایەخ و گرینگیی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە رەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی 1986، بەو هۆیەشەوە بوو نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا.
 
هەروەها باسی ئەوە کراوە کە ئیدریس بارزانی، بە نهێنی سەرپەرشتیی ناردنەوەی کادیرە سیاسی و سەربازییەکانی دەکرد بۆ سووریا بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستانی عێراق و، بەشێوەیەکی راستەوخۆ ژمارەیەکی زۆر کادیر و پێشمەرگەی ناردەوە کوردستان.
 
سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت: "کاک ئیدریس لەپێناو دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداریی دوای نسکۆی 1975، بەگیانی پێشکەوتن و داهێنان و بە رەوشتێکی بەرزەوە کاری دەکرد. ئەم نسکۆیە هەستی کاک ئیدریسی بە بەرپرسیاریەتیی دوو ئەوەندە زیادکرد و، وەک کەسێکی بەرپرسیار لەبەرانبەر رووداوەکاندا کاری دەکرد. لە هەرشوێنێک بوایە، کورد لە دەوری کۆدەبوونەوە و شوێنی گازندە و هیوا و ئومیدی خۆیان لە کاک ئیدریسدا دەبینییەوە".
 

بەشی یەکەمی کتێبەکە لە پێنج بەش پێکهاتووە کە ئەم بابەتانەی لەخۆ گرتووە؛
 
- دەستپێکردنی شۆڕشی گوڵان
 
- بارودۆخ و رووداوەکانی دوای نسکۆ و ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنەوەی خەبات 
 
- نەخۆشیی بارزانی و سەردانی بۆ ئەمریکا
 
- هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان
 
- دامەزراندنی سەرکردایەتیی کاتی
 
- کۆنفرانسی بەرلین
 
- کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا
 
- بەسەرکردنەوەی کاروباری رێکخستنەکانی پارتی لە تاراوگە
 
- گوشار و رێگرییەکانی ساواک
 
- نامەی حکومەتی سووریا
 
- هەوڵی تیرۆرکردنم لە ڤیەننا
 
- کۆچی دوایی بارزانیی نەمر
 
- کۆبوونەوەی شەوانە
 
بەشی دووەم لە ناوەڕۆکی بەشی یەکەمی کتێبەکە
 
- کۆنگرەی نۆیەم
 
- بەستنی کۆنگرەی نۆیەم
 
- راپۆرتی سیاسیی کۆنگرەی نۆیەم
 
- بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەی نۆیەم
 
بەشی سێیەم لە ناوەڕۆکی بەشی یەکەمی کتێبەکە
 

- چالاکی و رێکخستنەکان لە شۆڕشی گوڵاندا
 
- گەشە و بەهێزبوونی پارتی لەدوای کۆنگرەی نۆیەم
 
- دامەزراندنی بەرەی جوود
 
- تاوانی دەرهێنانی جەنازەی بارزانیی نەمر
 
- باری رێکخستن لە شۆڕشی گوڵاندا
 
- دۆخی پەنابەران و رۆڵیان لە پاڵپشتیی شۆڕشدا
 
بەشی چوارەم لە ناوەڕۆکی بەشی یەکەمی کتێبەکە
 
- سەردانی لقی یەک و ناوچە رزگارکراوەکان
 
- گوزەر بە مەڵبەندی عیرفان و شۆڕشدا
 
- گەیشتن بە سنووری لقی یەک 
 
- مانەوەمان لە هەرێمی یەک و بارودۆخی لەشکری و رێکخستن
 
- رۆڵی دەستەی چاودێریی و پشکنین
 
- ئامادەکاری و بڕیاری گەڕانەوە و جێهێشتنی سنووری لقی یەک
 
بەشی پێنجەم لە ناوەڕۆکی بەشی یەکەمی کتێبەکە
 
- پەیوەندییە کوردستانی و دەرەکییەکانی پارتی لە شۆڕشی گوڵاندا
 

 
بەشی دووەمی کتێبەکە لە 10 بەش پێکهاتووە کە ئەم بابەتانەی لەخۆ گرتووە؛

بەشی شەشەم لە ناوەڕۆکی بەشی دووەمی کتێبەکە

- چالاکیی سەربازیی پێشمەرگە

- گرینگیی رێکخستن و کاری پێشمەرگایەتی

- بەسەرکردنەوەی ناوچەی ئاڵواتان

- دامەزراندنی بارەگای سەرکردایەتی لە بێرکم و لۆلان

بەشی حەوتەم لە ناوەڕۆکی بەشی دووەمی کتێبەکە

- داستانە سەربازییەکانی پێشمەرگە

- داستانەکانی پێشمەرگە

- چالاکیی سیاسی و پارتیزانیی پێشمەرگە

- بەدیلگرتنی ئەندازیارە بیانییەکان

بەشی هەشتەم لە ناوەڕۆکی بەشی دووەمی کتێبەکە

- راگەیاندن و باری دارایی و پێگەیاندن لە شۆڕشی گوڵاندا

- ئێزگەی دەنگی کوردستان

- چاپ و بڵاوکراوەکان لە شۆڕشی گوڵاندا

- بێتەل و پەیوەندیی نێوان دەزگاکانی شۆڕش

- خولی پێگەیاندی کادیران

- باری دارایی شۆڕش

بەشی نۆیەم 

- رۆڵی کاک ئیدریس لە شۆڕشی گوڵاندا

بەشی دەیەم

 
- رێکخراوە جەماوەرییەکان لە شۆڕشی گوڵاندا

بەشی یازدەیەم

- شەڕی ئێران و عێراق

بەشی دوازدەیەم

- دامەزراندی بەرەی کوردستانی

بەشی سێزدەیەم

- داستانی خواکورک

بەشی چورادەیەم

- تاوانە رێکخستووەکانی حکومەتەکانی عێراق دژی گەلی کوردستان

بەشی پازدەیەم

- کۆنگرەی دەیەم

- بەستنی کۆنگرەی دەیەم

- راپۆرتی سیاسیی کۆنگرەی دەیەم




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە