زیانی ئاگرەکەی پەروێزخان زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەی گۆڕەپانی راگرتنی تانکەرەکانی پەروێزخان، 15 تانکەر سووتاون و 17 کەسیش برینداربوون. هۆکارەکەشی بتڵی غازی چێشتلێنان بووە، دەشڵێت: "هێشتا لە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامین."
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند: لەبارەی هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و دەستبەکار بووە، "بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی ئێمە بەشێک لە شۆفێران بوتڵی غازی چێشتلێنان (پیکنیک)یان داگیرساندووە، لەگەڵ ئەوەدا پێدەچێت یەکێک لە تانکەرەکان کە نەفتایان پێبووە، لێی چووبێت و بەهۆیەوە ئاگر کەوتبێتەوە."
روونیشیکردەوە: "بەهۆی رووداوەکەوە 15 تانکەر سووتاون، 17 کەس برینداربوون، یەک کەس گیانی لەدەستدا، لەنێو بریندارەکان 12یان شۆفێر بوون، 3یان کارمەندی ئاسایش و یەک کارمەندی بەرگریی شارستانی و کارمەندێکی تەندروستی هەن."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە رووداوەکەدا زیاتر لە نیو ملیۆن لیتر سووتەمەنی لە جۆری نەفتا سووتاوە، زیانە داراییەکانی بە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.