رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەی گۆڕەپانی راگرتنی تانکەرەکانی پەروێزخان، 15 تانکەر سووتاون و 17 کەسیش برینداربوون. هۆکارەکەشی بتڵی غازی چێشتلێنان بووە، دەشڵێت: "هێشتا لە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامین."
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند: لەبارەی هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و دەستبەکار بووە، "بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی ئێمە بەشێک لە شۆفێران بوتڵی غازی چێشتلێنان (پیکنیک)یان داگیرساندووە، لەگەڵ ئەوەدا پێدەچێت یەکێک لە تانکەرەکان کە نەفتایان پێبووە، لێی چووبێت و بەهۆیەوە ئاگر کەوتبێتەوە."
روونیشیکردەوە: "بەهۆی رووداوەکەوە 15 تانکەر سووتاون، 17 کەس برینداربوون، یەک کەس گیانی لەدەستدا، لەنێو بریندارەکان 12یان شۆفێر بوون، 3یان کارمەندی ئاسایش و یەک کارمەندی بەرگریی شارستانی و کارمەندێکی تەندروستی هەن."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە رووداوەکەدا زیاتر لە نیو ملیۆن لیتر سووتەمەنی لە جۆری نەفتا سووتاوە، زیانە داراییەکانی بە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لەسەر رووداوەکە هیچ کەسێکی وەکو تۆمەتبار دەستگیرنەکردووە.
لە گۆڕەپانەکەدا نزیکەی 100 تانکەر هەبوون، ئەو کەسەشی گیانی لەدەستداوە کوردێکی شەبەکی دانیشتووی پارێزگای نەینەوایە و تەمەنی 22 ساڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ