رووداو ناو و ناونیشانی ئەو بانکانە بڵاودەکاتەوە کە پێویستە خانەنشینان بۆ بایۆمەتری سەردانیان بکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان 25 بانکی لە چوار پارێزگاکە بۆ تۆماری بایۆمەتریی خانەنشینان راگەیاند، کە دەبێت ئەو خانەنشینانەی بایۆمەترییان نەکردووە لەماوەی دوو هەفتەدا بیکەن.
بانکەکان کە رووداو ناو و ناونیشیانیان بڵاودەکاتەوە، 10ـیان لە پارێزگای هەولێر، 10 لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و پێنجیان لە پارێزگای دهۆکن.
ئەرکان مەجید، بەڕێوەبەری خانەنشینیی گەرمیان، بە رووداوی گوت "دوو هەفتە لەبەردەم ئەو خانەنشینانەیە بۆ ئەوەی سەردانی بانکەکان بکەن و بایۆمەتری بکەن یان بیگەڕێننەوە، چونکە ئەو بایۆمەترییە بۆ لیستی مووچەیە و بەپێی زانیارییەکان لەسەر داوای حکومەتی عێراق دەکرێت."
رۆژی دووشەممە، 26ـی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە کە ئەم خاڵانەی لەخۆگرتبوو:
1- هەر خانەنشینێك بایۆمەتریی نەكردووە، پێویستە لە ماوەی دوو هەفتەدا خۆی لە بایۆمەتری تۆمار بكات.
2- هەر خانەنشینێك بایۆمەتریی كردووە و نەیگەڕاندووەتەوە، پێویستە لە ماوەی دوو هەفتەدا بایۆمەترییەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانگەی خانەنشینیی پەیوەندیدار.
3- هەر خانەنشینێك لەماوەی دوو هەفتەدا بایۆمەتری نەكردبێت و نەیگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانگەی خانەنشینیی پەیوەندیدار، مووچەكەی رادەگیرێت.
بەهۆی دواکەوتن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، رۆژی 21ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بلاوکردەوە و دوای ئاماژەدان بەوەی 31 رۆژە لیستی مووچەیان بۆ بەغدا ناردووە، رایگەیاند "سەبارەت بە کێشەی نەبوونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە، کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بە هەندێک هۆکاری جیاواز، لەوانە بوونی واریسی خانەنشین و بەشێکی دیکەشیان لە دەرەوەی وڵات دەژین و هتد..."
پارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە لە بەغداوە دەدرێت زیاتر لە 950 ملیار دینارە، ئەو بڕە پارەیەى لەگەڵ لیستى مووچەى مانگى تەممووز نێردراوە، 54 ملیار دیناری لە مانگەکانی پێشوو زیاترە، واتە کۆی پارەکە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە. زیادەکەش جیاوازیی مووچەى خانەنشینانە دوای ناردنی لیستی مووچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی عێراق.
وەزارەتی دارایی لەبارەی زیادبوونی تەمویلی مووچە لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی 2024 نووسیویەتی، "بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووە و بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە کە بڕەکەی 54 ملیار و 208 ملیۆن دینارە."
ناو و ناونیشانی بانکەکان