جۆن کێربی بۆ ئێران: هێرش مەکەن و دۆخەکە تێک مەدەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، پێیان وایە ئێران ئامادەیە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمریکا پابەندە بە بەرگریکردن لە ئیسرائیل.
رۆژی سێشەممە، 27ـی ئابی 2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاند، "هێشتا پێمان وایە کە ئێران هێشتا ئامادەیە هێرش بکات."
کێربی پەیامی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئێران نارد و گوتی، "پەیامی ئێمە نەگۆڕە، هەر ئەوە بووە و هەر ئەوەش دەبێت. بە ئێران دەڵێین هێرش مەکەن، پێویست ناکات دۆخەکە تێکبدەن."
گوتەکانی کێربی لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کرد و گوتی، "هەڵسەنگاندنەکانمان ئەوە دەردەخەن کە هێشتا هەڕەشەی هێرشکردن بەردەوامە."
31ـی تەممووز، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی ئەو کاتی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا.
ئێران کوشتنی هەنییەی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل و دەڵێت، کاردانەوەی دەبێت.
رۆژێک پێشتریش ئیسرائیل کەسی دووەمی حیزبوڵڵای بەناوی فوئاد شوکر لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوشت.
بەرەبەیانی 25-8-2024 حیزبوڵڵا بە 320 کاتیۆشا و مووشەک هێرشی کردە سەر 11 بنکەی سەربازیی ئیسرائیل. هەمان رۆژ، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شکستیان بە پلانەکەی حیزبوڵڵا هێناوە و زۆربەی مووشەکەکانیان خستوونەتە خوارەوە.