دواکەوتنی مووچە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی چۆڵ کردووە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
دۆخی بازاڕ بەهۆی نەهاتنی مووچە
دۆخی بازاڕ بەهۆی نەهاتنی مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دواکەوتنی مووچە بۆ نزیکەی 60 رۆژ، بە تەواوی لە بازاڕ رەنگی داوەتەوە و بازاڕ چۆڵ دەردەکەوێت.

مام خالید، دەستگێڕە لە بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر و بژێویی ژیانی لەسەر ئەو کارەیە. ئەو مووچەخۆر نییە، بەڵام  نەهاتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی ئەویش کردووە.

خالید ئیبراهیم، دەستگێڕ بە رووداوی گوت "ئێستا بازاڕ زۆر سست و لاوازە و خەڵک زۆر بێزار بووە. پێشتر رۆژانە 25 بۆ 30 هەزار دینار ئیشم دەکرد، بەڵام ئێستا وانەماوە."

هەروەها دەڵێ "رۆژێک هاتمە بازاڕ و هەر کارم دەستنەکەوت بۆیە رۆیشتمەوە. جاری وا هەیە 3 هەزار و هەندێک جاریش رۆژی 5 هەزار کاردەکەم، ئاوایە کەس لێی تێناگات و ئەمە بازاڕە."

لە شوێنێکی وەکو هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە یەک ملیۆنی دانیشتووانەکەی مووچەخۆرن، درەنگهاتنی مووچە، راستەخۆ کاریگەریی لەسەر جوڵەی بازاڕ دەبێت و، تاوەکو مووچە داوکەوێت، سووڕی بازاڕ سست و خستنەڕووی پارە تێیدا کەم دەبێت.

شێخەڵڵا، کە گەورەترین بازاڕی میللیی پایتەختە، نموونەیەکی بەرچاوە بۆ دۆخی بازاڕ و ئێستا چۆڵ دەردەکەوێت.

مزەفەر ئیسماعیل، زیاتر لە 17 ساڵە لە شێخەڵڵا جلوبەرگ دەفرۆشێت، مانگێکە هەفتەی چەند رۆژێک بەهۆی سستی بازاڕ دووکانەکەی ناکاتەوە.

مزەفەر دەڵێ "جاری وا هەبووە مووچە دوواکەوتووە، بەڵام بەم شێوەیە نەبووە، ئێستا ئەوە 17 بۆ 18 ساڵە لێرە کار دەکەم و نەمبینیوە بازاڕ وا خراپ بێت. دوێنێ و پێرێ بەهۆی بێبازاڕی، نەهاتمە ئیش و دووکانم نەکردەوە، لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە دادەنیشی بەشی خواردنەکەش نافرۆشی، بەڵام ئەگەر مووچەکە بێت، بازاڕ جوڵەی تێدەکەویت."

کەمتر لە 20 رۆژ ماوە ساڵی نوێی خوێندن دەستپێبکاتەوە، دواکەوتنی مووچە خواستی لەسەر پێداویستییەکانی قوتابخانەش کەمکردووە.

بازیان شۆڕش، دووکانداری جلوبەرگی قوتابخانە دەڵێ نەهاتنی مووچە "کاریگەریی زۆرە. هەیە دێت تەنیا سەیر دەکات، هەشە هەمان جلوبەرگی پار لەبەردەکاتەوە، لەبەر بێ مووچەیی، تابڵێی رەوشەکە خراپە."

شەش رۆژی دیکە مانگی نۆیە، تازە بەغدا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 7 و 8ـی هێزە ئەمنییەکانی دا و مووچەی دیکەی فەرمانبەرانی مەدەنیی کردووەتە قیست و قۆناخ قۆناخ دەینێرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە