رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە بەربژێران یان حیزب و لیستەکان بزانن دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەنگیان بە چ بەربژێر و لیستێک داوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ بەربژێر یان لیست و پارتێک نازانێت دەنگدەر دەنگی بە کام لیست یان بەربژێر داوە. کاخەزی دەنگدان هیچ ناوێکی لەسەر نییە و پێویست ناکات دەنگدەر ناوی خۆی بنووسێت. دەستووری عێراقیش باسی نهێنیبوونی پڕۆسەی دەنگدان دەکات و ئازادیی دەنگدەرانی گەرەنتی کردووە".
گوتەبێژی کۆمیسیۆن رایگەیاند، "بۆیە کاتێک دەنگدەر دەنگ دەدات، ئامێرەکە ژمارەکەی دەخوێنێتەوە و هیچ بەربژێر و لیست و پارتێک ناتوانێت بزانێت کام دەنگدەرە دەنگی داوە و ناوی چییە و دەنگی بەکێ داوە. ئێمە تەنیا لەگەڵ ژمارە مامەڵە دەکەین".
18ـی مانگی 10ـی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ـی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ