هاوپەیمانیی 188: بە هاوکاریی نێودەوڵەتی رێگری لە هەمواری یاسای باری کەسی دەکەین

رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی 188 کە بۆ دژایەتی هەمواری یاسای باری کەسی پێکهێنراوە؛ یاداشتنامەیەکی لەبارەی رەتکردنەوەی هەمواری ئەو یاسایە دەرکرد. رێزان شێخ دلێر کە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییەیە دەڵێت: رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، باڵیۆز و کۆنسووڵی وڵاتان ئاگادار دەکەینەوە بۆ ئەوەی گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر دامەزراوەکانی عێراق و نەهێڵن ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، هاوپەیمانیی 188ـی دژ بە هەمواری یاسای باری کەسی راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "ئێمە وەک ژمارەیەک داکۆکیکار لە مافەکانی منداڵان و ژنان بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە دۆخی ژنان و منداڵان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەداخەوە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە هەر کات زیاتر هەوڵی جیدی دراوە بۆ پاشکەشەی ماف و ئازادییەکانی خەڵكی کوردستان و عێراق، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسەکانی ژنان".
 
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێمە شاهیدی چەندین پێشێلکارین بەرامبەر بە ژنان، چەندین گرووپ و لایەنی ئاراستەکراو پەلاماری ژنان و دەستکەوتەکانیان دەدەن، ژنان لاواز نیشاندەدەن و کار لەسەر دیارنەمانی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا دەکەن، دیارترینیان پڕۆژە پێشنیازێکە کە لە رۆژی 4ی ئابی 2024دا له‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا".
 
رێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە هاوپەیمانییەکمان بە ناوی 188 پێکهێناوە، کە بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان، سەرۆک حیزب، بەرپرسان، کەسایەتیی و رێکخراوە نێوخۆییەکان لەخۆ دەگرێت؛ ئامانجمان رووبەڕووبوونەوە و رێگریکردنمانە لە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای باری کەسی لە پەرلەمانی عێراق."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەیاننامەکەمان بە شێوازی داواکاریی پێشکێشی سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ، منداڵان و ژنان، باڵیۆز و کۆنسووڵخانەی وڵاتان دەکەین؛ لەپێناو ئەوەی گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر په‌رله‌مان و حكومه‌ت و داموده‌زگاكانی دادوه‌ریی عێراق بۆ ئەوەی ئەم هەموارە تێنەپەڕێنن."
 
رێزان شێخ دلێر دەشڵێت، "جێگەی قبووڵ نییە لە سەدەی 21 و لە ساڵی 2024ـدا باس لە هەموارێکی لەو جۆرە بکرێت."
 
هەمواری یاسای باری کەسی، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێشکراوە، هەموارێکی مشتومڕ هەڵگرە؛ رۆژی 24ـی تەممووزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئاب لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.
 
یەکێک لەو بڕگانەی کە مشتومڕی زۆری لەسەر دروستبووە ئەوەیە، کە دەکرێ کچ لە تەمەنی 9 ساڵیدا هاوسەرگیری پێبکرێت.