لە بازیان کەسێک کەوتە ژێر ئۆتۆمبێلێکی زبڵ و گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان تراکتۆر و ئۆتۆمبێلی کۆکەرەوەی زبڵ لە قەزای بازیان؛ کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندارە.
رۆژی سێشەممە، 27ـی ئابی 2024، موقەدەم شۆڕش، بەڕێوەبەری هاتووچۆی قەزای بازیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ؛ رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک شارۆچکەی تەیناڵ روویداوە، کە ئۆتۆمبێلێکی کۆکەرەوەی زبڵ بەخێرایی لە پشتەوە خۆی بە تراکتۆرێکدا کێشاوە و دوای کەوتنەخوارەوەی شۆفێری تراکتۆرەکە؛ بەسەریدا رۆشتووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە."
گوتیشی، "شۆفێری ئۆتۆمبێلی پاککەرەوەکەش بریندارە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، تەرمی قوربانییەکەش نێردراوەتە دادپزیشکیی سلێمانی."
بەڕێوەبەری هاتووچۆی قەزای بازیان ئاماژەی بەوەدا، "تیمەکانمان لە شوێنی رووداوەکە سەرقاڵی هێڵکارین و کار بۆ دیاریکردنى هۆکارەکانى رووداوەکە دەکەن."