لە سۆران منداڵێکی تازەلەدایکبوو فڕێدەدرێت و سەدان کەس داوا دەکەن بەخێوی بکەن

27-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە سەنتەری سۆران لە مزگەوتێک فڕێدراوە. پۆلیس منداڵەکەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە و سەدان کەس داوا دەکەن، منداڵەکەیان پێبدرێت و لەخۆیانی بگرن.
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە سۆران گوتی "منداڵەکە، لە مزگەوتی چەمی رێزان لە سەنتەری بازاڕی سۆران فڕێدراوە و دوێنێ دوای بانگی بەیانی دۆزراوەتەوە."
 
چەند دووکانێکی بەقاڵی لەنزیک مزگەوتەکە هەن، منداڵە تازەلەدایکبووەکە لەسەر پەیژەی ئەو بەشەی مزگەوتەکە دانراوە، کە بەشی ژنان و پیاوان لەیەکدی جیادەکاتەوە. 
 
کۆرپەکە لەنێو چەند پەڕۆیەک پێچراوە و گریاوە، لەو کاتەدا هاونیشتمانییەک گوێی لە دەنگی بووە، پۆلیسی لێ ئاگادار کردووەتەوە. پۆلیس منداڵەکەیان بردووەتە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆران و ئێستاش لەوێیە. 
 
بەگوتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەکە ئەوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە، "منداڵەکە تەمەنی لەنێوان چوار بۆ پێنج رۆژە، رەگەزی مێیە و تەندروستیی زۆر باشە."
 
پەیامنێری رووداو هەروەها دەڵێ "ئەمڕۆ لەدوای ئەوەی هەواڵەکە لەنێو خەڵک بڵاوبووەتەوە، بەگوتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەکە لەماوەی دوو کاژێردا سەدان هاونیشتمانی پەیوەندییان بە نەخۆشخانەکەوە کردووە، بۆ ئەوەی منداڵەکەیان بدرێتێ."
 
پێش دوو ساڵ لە سۆران کەیسێکی دیکەی هاوشێوە هەبوو، تێیدا منداڵێکی رەگەز مێ کە تەمەنی چەند رۆژێک بوو، لەبەردەم پارکی سۆران فڕێدرابوو. منداڵەکە دواتر درا بە کەسێک بۆ ئەوەی بەخێوی بکات.
 
بۆ کەیسی ئەو منداڵەش بە گوتەی پەیامنێرەکەی رووداو؛ پۆلیس پەڕاوی کردووەتەوە و لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن تاوەکو ئەو کەسە بدۆزنەوە کە لەو شوێنە فڕێیداوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە