رووداو دیجیتاڵ
ئەو ئاگرەی شەوی رابردوو لە سەر 60 مەتریی هەولێر لە شوێنی جوانکاریی ئۆتۆمبێل کەوتەوە، کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام لەترسی سەرهەڵدانەوەی هێشتا تیمێکی بەرگریی شارستانی شوێنەکەیان چۆڵ نەکردووە.
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 27-8-2024) گوتی کاژێرێکە ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکراوە، بەڵام تیمێکی ئاگرکوژێنەوە هێشتا لێرە ماون، بۆ دڵنیابوون لە ساردبوونەوەی شوێنەکە لەپێناو سەرهەڵنەدانەوەی ئاگرەکە.
ئاگرەکە، کاژێر نزیکەی 10:00ـی شەوی رابردوو کەوتەوە، هێشتا هۆکارەکەی دیار نییە، بەڵام زیانێکی زۆری بە شوێن و کۆگەی کەلوپەلی جوانکاریی ئۆتۆمبێل گەیاندووە.
یەکێک لەو بینایانەی بە تەواوی سووتاوە، بە گوتەی پەیام سەربەست "هێشتا رێگەنادرێت بچنە نێوی چونکە مەترسیی هەیە، بەڵام ئەوەی دیارە، پێناچێت هیچ شتێکی تێدا مابێت؛ هەمووی سووتاوە."
یەکێک لە خاوەنکارەکان، کە لە بەرامبەر بینا سووتاوەکە دانیشتبوو، بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە بە رووداوی گوت "هیچ قسەم بۆ ناکرت. ناتوانم هیچ بڵێم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ