سەرچاوە سرووشتییەکانی سنە: دوو هەزار و 240 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەمساڵ دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو پارێزگایە 139 جار ئاگریان گرتووە، بەو هۆیەوە دوو هەزار و 240 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە.
 
بیهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە، باس لە کەمیی پێداویستی و بودجە بۆ پاراستنی ژینگەی ئەو پارێزگایە دەکات و دەڵێت "ساڵانە نزیکەی 150 ملیار تمەن (306 ملیۆن دۆلار)ـمان پێویستە، بەڵام لە دوایین سەردانی سەرۆککۆماری ئێراندا 30 ملیار تمەن (612 هەزار دۆلار) تەرخانکرا و، لەو بڕە پارەیەش 7 ملیار تمەن (140 هەزار دۆلار) دراوە، رێکخراوی سەرچاوە سرووشتییەکانیش بڕیاری داوە 8 ملیار تمەن (160 هەزار دۆلار) بدات".
 
بیهزاد شریفی گوتی، ئەوەی پەیوەندی بە کەوتنەوەی ئاگرەوە هەیە، کێشەی زۆرە. بۆ نموونە، سووتەمەنی پێویست بۆ ئامێرەکانی ئاگرکوژاندنەوە تەرخان ناکرێت.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە، تەنیا سنووری شاری مەریوان 120 ئامێری ئاگرکوژێنەوەی پێویستە، ئەگەر بودجە هەبێت، دەکرێت بە رێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی ئەو سنوورە بدرێت.
 
بەشی زۆری ئاگرکەوتنەوەکانی پارێزگای سنە لە دارستانەکانی ناوچەی مەریواندا بوون و بەو هۆیەوە رووبەرێکی زۆری دارستان و لەوەڕگە سووتاوە.
 
ئەو بەرپرسە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵی بۆ هەبوونی گژوگیای زۆر بەهۆی بارانبارینی زۆری بەهار گەڕاندەوە. 
 
بەپێی راپۆرتی سەرچاوە سرووشتییەکانی سنە، ئەمساڵ لە ناوچەی مەریوان 50 جار رووداو ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، لە ئەنجامدا هەزار و 426 هێکتار دارستان سووتاوە.