ئاگر 30 باخی لە سوورداش سووتاند
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی تیمار لە ناحیەی سوورداش، بڵێسەی ئاگر هەرچواردەور و بەشێکی نێو گوندەکەشی تەنی.
پووش و پاوان هیچی نەماوە، کای نێو کادێنەکانیش سووتاون، ئاژەڵداران ناچار بە کڕینی عەلەف و وێنجەن دەبن.
کوردۆ رەسووڵ، گوندنشینێکە و دەڵێت: هەندێک مانگام ماوە، ئەویش بەم جۆرە بۆمان بەخێوناکرێت، مەگەر بیانفرۆشین، چونکە نە کا ماوە، نە لەوەڕ. 98%ـی پووش و پاوان سووتاوە، زستانانیش بەبێ کا بەخێوناکرێن، ئەمساڵ هیچ کەسابەتێکمان بۆ ناکرێت نە باخداری، نە ئاژەڵداری.
بەشێک لە دارە بەردارەکانی گوندەکە و سیستمی ئاودێری و رەزەکانیش سووتان و هەنگەکانیش لە زیانی ئاگرەکە بەدەرنەبوون.
کوردۆ رەسووڵ دەشڵێت: هەنگەکان بێکەڵکبوون، دەبێت لە ئێستاوە خواردنیان پێبدەین بۆ ئەوەی نەفەوتێن، واتە زیانەکان هێندە زۆرە ناخەمڵێندرێت، باخ و باخاتی گوندەکە هەمووی وێرانبووە.
ئاگری هەفتەیەک پێش ئێستای گوندەکە بەهۆی رەشەباوە بە ئەستەم کۆنترۆڵ کرا و سەدان دۆنم دارستان و پووش و پاوان و زیاتر لە 30 باخی سووتاند.
دانیشتووانی گوندەکە ناڕازین لەوەی ساڵانە ئاگربڕ ناکرێت و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش درەنگ بەدەمیانەوە دەچن.
دیاری رەسووڵ، گوندنشینێکی دیکەیە و دەڵێت: "هەمووی کەمتەرخەمی حکومەتە، نایەت ئاگربڕ دروستبکات پێش ئەوەی کارەسات رووبدات، ساڵانە داواش دەکەین بەدەممانەوە نایەن؛ حکومەت دەچێت چوار نەمام لە بلوارەی سەر شەقامەکان دەچێنێت و خزمەتی دەکات، بەڵام بە 20 ساڵیش هێندەی گردێک دار و سەوزایی پێوەنییە، هەر وازبێنین بچینەوە شار نیشتەجێبین باشترە لەوەی هەموو ساڵێک تووشی ئەم زیانانە بین."
دانا رەزا، گوندنشینێکە و گوتی: 30 بۆ 45 خولەکی پێچوو تاوەکو ئاگرکوژێنەوە گەیشت، لەکاتێکدا رێگەکە نزیکی پێنج خولەکە، ئەوکاتەش کە گەیشتن، ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووبوو، بەڵام ئەگەر زوو بهاتنایە ئەو زیانە زۆرەی نەدەبوو.
بەپێی ئامارەکانی دارستان و پاوانی سلێمانی، لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوی لە دارستان و پووش و پاوان و سەتان دۆنم زەوی کشتوکاڵیش سووتاون.