هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە زیندانی غوێرانی حەسەکە کەوتنە ئامادەباشییەوە

27-08-2023
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

‌هێزەکانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە زیندانی غوێرانی حەسەکە خرانە ئامادەباشییەوە. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوە خۆجێیەکانی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 27ی ئابی 2023، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە گرتووخانەی غوێرانی حەسەکە دۆخی ئامادەییان راگەیاند و داوایان لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی باشووری شارەکە کرد، لە ماڵەکانیان بمێننەوە. 
 
هێزەکانی ئاسایشی حەسەکە هەروەها هەندێک رێگەی ئەو گەڕەکانەشیان داخست. 
 
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوایان لە خاوەن دووکان و فرۆشگەکانی ئەو گەڕەکانەی شاری حەسەکە کردووە شوێنەکانیان دابخەن، بێئەوەی هۆکارەکەی بزانرێت.
 
هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، هیچ چەکدارێکی داعش لە زیندانی غوێرانی حەسەکە هەڵنەهاتووە.
 
ئێوارەی 20-1-2022، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر زیندانی سناعە لە غوێرانی شاری حەسەکە، کە نزیکەی 3500 زیندانیی داعش و 700 منداڵیان تێدا بوو.
 
هەروەها لە 31-1-2022، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە دووبارە دەست بەسەر زیندانەکەدا بگرن.
 
تائێستا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو پێشهاتە نوێیەی شاری حەسەکە نەداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە