لەگەڵ رەنج؛ سیستمی پریپەید كێشەی كەمیی كارەبا چارەسەر دەكات‎؟

رووداو دیجیتاڵ 
 
نرخی کارەبای پریپەید لە سیتی و شوقەکان لە 18 دینارەوە کراوە بە 156 دینار و بە پارەی خزمەتگوزارییەوە لەسەر هاووڵاتییان 180 دینار دەکەوێت. 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "ناڕەزایەتییەکانمان گەیاندووەتە حکومەت و بەڵێنیان داوە پێداچوونەوە بە نرخەکەدا بکەن." هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، "ئەگەر حکومەت گوێ لە داواکارییەکەمان نەگرێت، ناچاردەبین بە یاسا پارێزگاری سلێمانی ناچار بکەین پابەند نەبێت بەو نرخەی وەزارەتی کارەبا دیاریکردووە." 
 
رۆژی یەکشەممە 27ـی ئابی 2023، بەرنامەی لەگەڵ رەنج، بە میوانداری عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ‏هەولێر؛ ئازاد محەممەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ‏سلێمانی؛ ئەندازیار قارەمان مەولوود، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ‏مولیدە ‏‏ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر‎؛ سانا كەمال، پارێزەری بەشێک لە دانیشتووانی ‏ستییەكان؛ سالار عومەر، بازرگانی بواری كارەبا ‌و شارەزای سیستمی ‏سۆلار و سەلام قەزاز، بریکاری پێشووتری وەزارەتی کارەبای عێراق پرسی گرانبوونی نرخی کارەبای سیتی و شوقەکانیان تاوتوێکرد. 
 

 
"هاووڵاتی دەبێت بۆ پارەی کارەبا کاسبی بکات"
 
د. عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت: ئەو نرخەی وەزارەتی کارەبا دیاریکردووە بە رادەیەک گرانە کە هاووڵاتییان دەبێت تەنیا بۆ پارەی کارەبا کار بکەن.
 
د. عەلی رەشید دەڵێت: "ئەو نرخەی ئێستای کارەبا کە هاواری لە هاووڵاتییان هەستاندووە، ئێمەش لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لێی رازی نین، بۆیە کۆبوونەوەیەکمان کرد و تێیدا پێشنیازی دابەزاندنی نرخەکەمان کردووە، ئەو نرخەی بۆ کارەبا دیاریکراوە لە بەرژەوەندی حکومەت و هاووڵاتییانیش نییە." 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، "دوو پێشنیازمان داوەتە حکومەت و ئێستا لە دانوستانین بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەیەکی بەکارهێنانی کارەبا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بکەن تاوەکو بزانین چەند کارەبای بەرهەمهێنراومان هەیە و بە چ شێوەیەک دابەشی دەکەینەوە و دووەمیان دابەزاندنی نرخی کارەبای پریپەیدە لە یەکەکانی نیشتەجێبوون." 
 
د. عەلی رەشید نایشارێتەوە، "ئەو نرخەی بۆ کارەبای پریپەیدی ماڵان داندراوە، بە شێوەیەکە کە هاووڵاتی دەبێت تەنیا بۆ کارەبا کار بکات" و دەشڵێت: "ئێمە پێشنیازی ئەوەمان کردووە دوو جۆر نرخ هەبێت بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون، بۆ هاووڵاتییانی ئاسایی نرخێک و بۆ سیتییەکان نرخێکی دیکە، لەبەر ئەوەی کارەبای سیتییەکان 24 کاژێرە و داوامان کردووە نرخی یەکەی کارەبا لە نێوان 50 بۆ 70 دینار بێت."
 
"نرخی یەکەیەکی کارەبا 180 دینار لەسەر هاووڵاتی دەکەوێت"
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی نرخی یەکەیەک کارەبای بە سیستمی پریپەید کە بۆ سیتی و شوقەکان دانراوە دەڵێت: "وەزارەتی کارەبا نرخی یەکەی کارەبا بە 156 دینار دەداتە سیتی و شوقەکان و 12٪ـش بۆ ئیدارەی سیتییەکانە کە بۆ هەر یەکەیەک دەکاتە 180 دینار، ئەوە لەکاتێکدایە پێش سیستمی پریپەید نرخی یەکەی کارەبا بە 18 دینار بوو."
 
بە گوتەی د. عەلی رەشید، "ئەو نرخەی داندراوە بازرگانییە، وەزارەتی کارەبا بەڵێنیداوە جارێکی دیکە بە نرخەکەدا بچێتەوە و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان رێکیبخاتەوە."
 

 
"ئەگەر حکومەت وەڵاممان نەداتەوە پارێزگار ناچار دەکەین پابەند نەبێت"
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: ناڕەزایەتیمان لە نرخی کارەبای سیتی و شوقەکان گەیاندووەتە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبا، ئەگەر حکومەت گوێمان لێ نەگرێت، دەیبەینە کۆبوونەوەی فەرمی و بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەکە تێدەپەڕێنین، لەو کاتەشدا پارێزگار بە یاسا ناچار دەبێت پابەندی بڕیاری حکومەت نەبێت بۆ ئەو نرخەی دیاریکردووە. 
 
ئازاد محەممەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "نرخی یەک کیلۆوات ئەمپێری کارەبا بۆ سلێمانی لە هەولێریش گرانترە، وەزارەتی کارەبا 175 دیناری بۆ یەکەیەکی کارەبا لە سلێمانی دیاریکردووە، تەنیا پارێزگاری دهۆک ئەو گرانکردنەی قبووڵ نەکردووە و نەیهێشتووە لە سەرەتاوە نرخەکە گرابنێت."
 
ئازاد محەممەد ئەمین دەڵێت: "لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناڕەزاییمان بەرامبەر نرخی کارەبا دەربڕیوە و لە هۆڵی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگا دوو کۆبوونەوەی فراوانمان بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی بۆ داواکارییەکانمان نەبێت، ناچار دەبین بە رێگەیەکی دیکە بچینە پێشەوە و بابەتەکە دەبەینە کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگا و بە زۆرینەی دەنگ تێیدەپەڕێنین، ئەوکات کە بە یاسایی کرا، پارێزگاری سلێمانی دەبێت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا جێبەجێ بکات و پابەندی ئەو نرخە زیادکراوە نەبێت."
 

 
"ئەو نرخە گرانە بەسەر ماڵانیشدا دەسەپێنرێت"
 
سانا كەمال، پارێزەری بەشێك لە دانیشتووانی ‏ستییەكان دەڵێت، وەزارەتی کارەبا پلانی ئەوەی هەیە نرخی یەکەی کارەبای ماڵانیش هاوشێوەی سیتییەکان لێبکات و پێیوایە، "گرانکردنی نرخی کارەبا تەنیا خەمی دانیشتووانی سیتییەکان نییە، بەڵکو خەمی هەموو هاووڵاتییانە، لەبەر ئەوەی سەرەتا سیستمی پریپەید بە 18 دینار لە بازاڕەکانەوە دەستیپێکرد و دواتر کردیان بە 125 دینار و دواتر نرخی هەر یەکەیەک کرا بە 157 دینار و دواتر شاری نیشتەجێبوونەکانیان لە 18 دینارەوە بەرزکردەوە بۆ 156 دینار، دواتر دێنە سەر باخ و ڤێلاکان و دواتر نرخی کارەبای گەڕەک و ماڵەکان دەستکاری دەکەن."
 
وەکو ئەو پارێزەرە ئاماژەی پێدەدات: "بەرزکردنەوەی نرخی یەکەی کارەبا لەلایەن وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە نایاساییە، وەزارەتی کارەبا رێنمایی گرانکردنی نرخی کارەبای لە ساڵی 2023 بە پاڵپشتی یاسای وەزارەتی کارەبا، ساڵی 2021 دەرکردووە، لەو یاسایەدا دەسەڵات دراوە بە وەزیر بۆ ئەوەی نرخی یەکەی کارەبا بە چەند مەرجێک بەرزبکاتەوە."
 
بە گوتەی سانا کەمال، "یەک لەو مەرجانەی بۆ وەزیری کارەبا دانراوە ئەوەیە، ئەگەر تێچووی کارەبا زیاتربوو و بارودۆخی هەرێمی کوردستان رێگەی بەم زیادکردنەدا، دەتوانێت دەستکاری نرخەکە بکات، هەروەها ئەگەر بارودۆخی ئابووریی هاووڵاتییان لەباربوو، دەتوانێت ئەو نرخە بەرز بکاتەوە، ئێستا ئەو مەرجانە هیچی لە ئارادا نین، بەتایبەتی بارودۆخی ئابووریی هاووڵاتییان باش نییە." 
 
"پارەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان چەند هێندەی عێراقە"
 
سانا کەمال دەڵێت، نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لەو نرخەی لە عێراق لە هاووڵاتییانی وەردەگرن و دەپرسێت: "بۆچی هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان ئەگەر هەزار و 350 یەکە کارەبا لە مانگێکدا بەکاربهێنێت 202 هەزار دینار بدات، بەڵام هاووڵاتییەکی عێراقی هەمان ئەو بڕە کارەبایە بەکاربهێنێت لە مانگێکدا، بڕی 13 هەزار و 500 دینار بدات؟" 
 
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، "شوێنێکی بازرگانی لە عێراق ئەگەر دوو هەزار یەکە کارەبا بەکاربهێنێت، 160 هەزار دینار دەدات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەگەر دووکانێک یان هەر شوێنێکی بازرگانی ئەو بڕە یەکەیە بەکاربهێنێت، دەبێت 314 هەزار دینار بدات." 
 

 
"حکومەت نابێت کارەبا بە نرخی بازرگانی بداتە هاووڵاتییان"
 
بریکاری پێشووتری وەزارەتی کارەبای عێراق پێیوایە، دەبێت حکومەت بە نرخی کارەبادا بچێتەوە و پێیوایە، ئەو نرخەی کە جاران لە هاووڵاتی وەردەگیرا یەکجار کەمە و نرخی ئێستاش نرخێکی بازرگانییە و "یەکجار زۆرە"، دەشڵێت، "حکومەت بە هیچ شێوەیەک نابێت کارەبا بە نرخی بازرگانی بدات بە هاووڵاتییان."  
 
سەلام قەزاز، بریکاری پێشووتری وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی: "نرخی پێشووی کارەبا کە بۆ هەر یەکەیەک 18 دیناربوو لەچاو تێچووی بەرهەمهێنانەکەی نرخێکی کەمە، بەڵام ئەو نرخەی ئێستاش بارگرانییەکی زۆر لەسەر خەڵک دروستدەکات و پێویستە حکومەت بەو بڕیارەیدا بجێتەوە و دەستکاری نرخەکە بە شێوەیەک بکات کە تێیدا رەچاوی دۆخی هاووڵاتییان بکرێت." 
 
"مانگی ئاب بە تێکڕا موەلیدە 400 کاژێر لە هەولێر کاریان کردووە"
 
قارەمان مەولوود، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی ‏مولیدە ‏‏ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر‎ ‎لەبارەی نەمانی موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان گوتی: "تاوەکو حکومەت بەتەواوەتی کارەبای پێویستی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین نەکات، ناتوانین بڵێین موەلیدە لە هەرێمی کوردستان نامێنێت، ئەو سیتییانەش کە کارەبایان کراوە بە 24 کاژێر، تاوەکو ئێستا حکومەت پێی رانەگەیاندوون موەلیدەکانیان لاببەن."
 
بە گوتەی قارەمان مەولوود، "ئەم مانگە لە هەندێک گەڕەکی هەولێر موەلیدە 17 کاژێر کاری کردووە و ئەگەر بە تێکڕا باس بکەین، مانگی ئاب لە هەولێر موەلیدە 400 کاژێر کاری کردووە، بۆیە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە لە بەرهەمهێنانی کارەبا کە بتوانین بڵێین پێویستیمان بە موەلیدەی گەڕەک نابێت."
 
"ئەگەر هاووڵاتییان بە نرخی ئێستای کارەباش رازیبن حکومەت ناتوانێت کارەبای 24 کاژێری دابینبکات"
 
‏‏سالار عومەر، بازرگانی بواری كارەبا ‌و شارەزای سیستمی ‏سۆلار پێیوایە، ئەگەر ئەو نرخەی حکومەت بۆ کارەبا دیاریکردووە لەلایەن هاووڵاتییانەوە قبووڵ بکرێت، دیسان ناتوانێت کارەبای 24 کاژێری بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکات و دەشڵێت، هەرێمی کوردستان لانیکەم پێویستی بە 10 هەزار مێگاوات کارەبایە. 
 
بە گوتەی سالار عومەر، "پێشتر حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنانی کارەبا سیستمی پێوەری زیرەکی بەکارهێنا و ئەو سیستمە نەیتوانی وابکات بەکارهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەم بکرێتەوە، ئێستاش ئەگەر ئامانجی لە گرانکردنی کارەبا رێگریکردنە لە زێدەڕۆیی و زیاد بەکارهێنانی کارەبا، دیسانیش رێگەکە هەڵەیە و ناتوانێ ئامانجەکەی بپێکێت."
 
سالار عومەر دەڵێت، "ئەگەر هاووڵاتییان بەو نرخەی ئێستاش رازیبین بۆ ئەوەی کارەبامان بۆ بکەن بە 24 کاژێر، هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار بەکاربەری کارەبای هەیە، ئەگەر هەر بەکاربەرێک مانگانە پێنج کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت، لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێری هەبێت، پێویستمان بە بەرهەمهێنانی 10 هەزار مێگاوات کارەبایە کە ئێستا حکومەت زیاتر لە چوار هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت."