کتێبی 'نەخشە رێگەیەک بەرەو ئاشتی' لەبارەی روانگەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاشتەوایی


رووداو دیجیتاڵ 

کاژێر 05:00ـی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 27-08-2023 لە هۆتێل رۆتانای هەولێر رێوڕەسمێک بۆ ناساندن و شرۆڤەکردنی کتێبی "نەخشە رێگەیەک بەرەو ئاشتی" بەڕێوەچوو و تیایدا تیشک خرایە سەر روانگە و ستراتیژییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیربوون و ئاشتەوایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
کتێبەکە لەلایەن جەواد قادرەوە ئامادەکراوە و شیکاری 12 توێژەری دیاری بوارەکانی پرسی کورد و عێراق بۆ رەوانگەی ئاشتیخوازانەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە.
 
"نەخشە رێگەیەک بەرەو ئاشتی"
 
جەواد قادر، ئامادەکاری کتێبی 'نەخشە رێگەیەک بەرەو ئاشتی' لە گوتارێکدا باسی لە نێوەڕۆک و چۆنیەتی ئامادەکردنی کتێبەکە کرد و گوتی، ئەو کتێبە پرۆژەی ژمارەیەک نووسەری ئەکادیمی نێوخۆ و دەرەوەیە لەسەر تەنگژەکانی عێراق ناوچەکە و وەڵامدانەوەیەکی هاوبەشی ئەو نووسەرانەشە بۆ روانگە و نەخشەڕێگەی نێچیرڤان بارزانی بۆ پرسی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
سەرجەم نووسەرانی ئەم کتێبە ساڵانێکی زۆر لە ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانی دەرەوە ژیانیان بۆ وردبوونەوە لە دۆزی کورد تەرخان کردووە. بە گوتەی جەواد قادر، "خاڵی هاوبەشی ئەو نووسەرانە لە کتێبی 'نەخشە رێگەیەک بەرەو ئاشتی' پاڵپشتیی راستەوخۆیانە لە روانگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی سەقامگیریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەو نەخشەڕێیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا بە بەردەوامی بانگەشەی بۆ کردووە."
 
ئامادەکاری کتێبی نەخشە رێگەیەک بەرەو ئاشتی دووپاتیدەکاتەوە، "ئەو نووسەرانە هاوڕای تەواوەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن کە عێراق وەکو دەوڵەت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە کەم قۆناخی مێژووی 100 ساڵی رابردوویدا هێندەی ئێستا لەژێر مەترسیدا نەبووە، هاوڕان لەوەی رێککەوتن و لێکگەیشتنی تازەی نێوان هەولێر و بەغدا دەتوانێت ئەم مەترسییانە بۆ دەرفەتی مێژوویی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی تەواوەتی ئەو روانینەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن کە بەغدا بە قووڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستان دەناسێنێت."
 
جەواد قادر پێیوایە، "کتێبی 'نەخشە رێگەیەک بەرەو ئاشتی' لەکاتێکدا بڵاودەبێتەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان چوونەتە نێو گەڕێکی دیکەی تەنگژە لەسەر پرسەکانی وزە، داهات و مافە دەستوورییەکان؛ ئەو تەنگژانەش کە زیان بەر هەردوولا دەگەیێنن، ئاماژەیەکی روونن بۆ ئەو پێشبینی و نیگەرانییانەی نێچیرڤان بارزانی کە لە ماوەی رابردوودا دەریبڕیون."

 

 
رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی 
 
لە رێوڕەسمی نمایشکردن و ناساندنی 'نەخشە رێگەیەک بەرەو ئاشتی' پانێلێک لەلایەن د. نارین ئاکرەیی، بەڕێوەبەری توێژینەوەکانی ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستان، بە بەشداریکردنی د. عومەر نورەدینی، د. خالید ساڵح، د. زانا کوردە، دەیڤد رۆمانۆ و دەیڤد فابریش بلانش بۆ شرۆڤەکردن و خستنەبەر باسی نێوەڕۆکی کتێبی 'نەخشە رێگەیەک بەرەو ئاشتی' بەڕێوەچوو.
 
د. عومەر نورەدینی، راوێژکاری کاروباری پەرلەمانی لە نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پانێڵەکەدا رایگەیاند: سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەک لەو نوخبە سیاسییانەی کوردستان بووە کە لە سەرەتای شکڵگرتنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا رۆڵی بنیاتنەری هەبووە، لە سەرکردایەتیکردنی راپەرین و لە گفتوگۆکردن لەگەڵ رژێمی عێراق ئامادەیی کارای هەبووە. 
 
د. عومەر نورەدینی دەڵێت: "روئیا و بۆچوونی نێچیرڤان بارزانی لە کاتی گفتوگۆکردنی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، بەتایبەت لەدوای دەرچوونی بریاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رۆڵی باشی بینیوە بۆئەوەی بەو قەناعەتەیان بگەیێنێت کە بەرەی کوردستانی دەتوانێت ئاسایشی نێوخۆ و سنوورەکانی بپارێزێت. هەر ئەوەش وایکرد پشتیوانی سەربازیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان، بگۆڕێت بۆ پشتیوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان."
 
لەبارەی تێڕوانینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان، د. عومەر نورەدینی گوتی، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە لێدوان و کۆڕ و کۆنفرانسەکانیدا لەسەر ئەو بنەمایە وەستاوە کە دەبێ ئاشتییەک بەرقەراربێت کە هەمووان خۆیانی تێدا ببیننەوە و رەنگدانەوەی ویست و داخوازی هەموو لایەک بێت، ئەو بۆچوونە هەم بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بووە." 

 

 
دوورکەوتنەوەی عێراق لە فیدراڵی
 
د. خالید ساڵح، راوێژکاری پێشووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە، چەسپاندنی فیدراڵی لە دەستووری عێراق یەکەم هەنگاوی ئاشتەوایی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بووە و ئێستا رەوتی شیعە خەریکە ئەو ئاشتەواییە لاواز دەکات و عێراق بەرەو دەوڵەتێکی شیعە دەبات.
 
د. خالید ساڵح دەڵێت: بەر لە رووخانی رژێمی بەعس، هەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە عێراق و ناوچەکە روویدەدا، کورد تێیدا زەرەرمەند دەبوو، بەڵام رووخانی بەعس یەکەم رووداوی گەورەبوو کە کورد تێیدا زیانی نەکرد، هەمیشە گرفتی عێراق ئەوەبوو کە وڵاتێک بەناوی عێراقە، بەڵام میللەتێک بەناوی میللەتی عێراق نییە، بەڵکو پێکهاتبوو لە چەندین نەتەوە و ئاینی جیاواز، بۆیە ساڵی 2002 کورد و سەرجەم هێزی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق رێککەوتن لەسەر ئەوەی مۆدێلی حوکمڕانی دوای بەعس فیدراڵیبێت."
 
راوێژکاری پێشووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە، "نووسینەوەی دەستووری عێراق هەنگاوێک بوو بەرەو چارەسەری ئاشتییانە و دروستبوونی مۆدێکلێکی فیدراڵی، بەڵام دواتر بینیمان هێزە شیعەکانی عێراق لەو مۆدێلە لایاندا و ئێستا خەریکن عێراق بەرەو وڵاتێکی شیعە دەبەن و تا دێت دەسەڵاتی پێکهاتەکانی دیکە بەرتەسک دەکەنەوە."
 
تەبایی نێوماڵی کورد لە دیدگای نێچیرڤان بارزانییەوە
 
د. خالید ساڵح دەڵێت، "نێچیرڤان بارزانی ئەوکات کە سەرۆکی حکومەت بوو، دیدگای بۆ پێکهێنانی کابینەکەی ئەوەبوو کە هەمووان لە داڕشتنەوەی حکومەت و بنیاتنانەوەی هەرێمی کوردستاندا بەشداربن، زۆرجار دەگوترا 42 وەزیر لە کابینەیەکدا زۆرە، بەڵام ئەو بەلایەوە زۆر گرنگ بوو هەموو لایەک راستەوخۆ بەشداری لە حکومەتدا بکەن و هەست بکەن ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە ژیانی رۆژانەیان."
 
وەکو د. خالید ساڵح ئاماژەی پێدەدات: "لە ساڵی 2002 تاوەکو 2012 بەهۆی ئەوەی کورد لە نێوماڵی خۆیدا تەبابوو، لە دانووستانەکانی بەغدا دەستکەوتی زۆر و گرنگی بەدەست دە‌هێنا، بەڵام لەدوای 2012ەوە کە ناتەبایی کەوتە نێوماڵی کرد، هێزی هەرێمی کوردستان لە عێراق لاوازبوو، بۆیە دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا هەنگاوێکی وا بنێت کە تەبایی نێوخۆی بە رادەیەک بەهێز بکرێتەوە، بمانگەڕێنێتەوە بۆ ساڵەکانی 2003 و 2004."
 
نەخشەڕێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی لە عێراق
 
د. زانا کوردە، یەک لە نووسەرانی کتێبی "نەخشە رێگەیەک بەرەو ئاشتی" باس لەوە دەکات کە بڵاوبوونەوەی کتێبەکە لەو دۆخەی ئێستا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و دەڵێت: "عێراق تووشی کۆمەڵێک کێشە و ئاڵنگاری بووەتەوە، بۆیە پێویستە لایەنەکان هەمووی هاوکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستانبن بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی ئاشتی و سوود لەو نەخشەڕێگەیە وەربگرن بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی لە عێراق."
 
ئەو نووسەرە کوردە لەبارەی خاڵی هاوبەشی نێوان ستراتیژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی عێراق و ستراتیژی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق گوتی: "روانگەی هەردوولایانە بۆ دەستووری عێراق هاوبەشە و بەردەوام هەردوولا جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی دەستوور دەکەنەوە، یەکێتیی ئەوروپا دەستوور وەکو کۆڵەکەیەک بۆ راگرتنی باڵانسی هێز لە عێراقدا دەبینێت، بەتایبەت لە نێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکە و هاوکات بە زامنی مافی کەمە نەتەوە و ئاینەکانی دەزانێت کە هاوتەریبە لەگەڵ روانگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو پرسە."
 
د. زانا کوردە دەشڵێت: "یەکێتیی ئەوروپا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر چۆنیەتی دروستبوونی سەقامگیری لە عێراق بۆچوونیان هاوبەشە و پێیان وایە بەدیهێنانی ئاشتی جگە لە ئاسایش، پرسی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی نیشتمانی لەخۆدەگرێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە گوتارەکانیدا ئاماژەی بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی داوە."
 
"نێچیرڤان بارزانی هەمیشە هەوڵی چاککردنەوەی پردەکان دەدات"
 
مامۆستایەکی زانکۆی ویلایەتی میزۆری باس لەو سەرکردانە دەکات کە بەردەوام بانگەشەی ئاشتەوایی دەکەن، بەڵام خۆیان لە دروستبوونی کێشەکاندا رۆڵیان هەیە و دەڵێت، "بەڵام نێچیرڤان بارزانی، سەرکردەیەکە هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات لەگەڵ کەسانی دیکەدا پردەکان چاکبکاتەوە و کاریان لەگەڵ بکات."
 
د. دەیڤد رۆمانۆ، پرۆفیسۆر لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ویلایەتی میزۆری رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە زنجیرە گوتارێکدا لەم دواییانە دیدگایەک بۆ عێراق دادەڕێژێت و رێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییەی ئێستا پێشکێش دەکات، جەختیش لەسەر گرنگی گشتگیریی و دابەشکردنی دەسەڵات دەکاتەوە و بیرمان دەخاتەوە کە ئارامی و سەقامگیریی هەولێر و بەغدا پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە."
 
د. دەیڤد رۆمانۆ دەڵێت: "زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکان لەبارەی سەقامگیری و ئاشتەوایی دەدوێن، بەڵام خۆشیان بەشدارن لەو کێشانەی لە وڵاتەکانیاندا روودەدات." 
 
لەبارەی نێچیرڤان بارزانییەوە، ئەو مامۆستایەی زانکۆی ویلایەتی میزۆری دەڵێت: "کردەوە و سیاسەتەکانی تەنیا باس لە دابەشکردنی دەسەڵات و لیبرالیزم ناکات، هەرکەسێک بیناسێت، شایەتی ئەوەی بۆ دەدات کە سەرکردەیەکە هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات لەگەڵ کەسانی دیکەدا پردەکان چاکبکاتەوە و کاریان لەگەڵ بکات."
 
د. دەیڤد رۆمانۆ باس لەوە دەکات کە نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستان هەمیشە پەناگەیەکی ئارامیان پێشکێش بە چەندین گرووپی نەتەوەیی و ئاینی و سیاسیی جیاواز کردووە، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی کوردستان لە ئاوارەی نێوخۆیی و پەنابەران پێکدێن، واتا ئەگەر هەرێمی کوردستان دەوڵەت بووایە، دەبوو بەو دەوڵەتە کە میواندارێتی بەرزترین رێژەی ئاوارەکان لە سەرتاسەری جیهان دەکات.