رووداو دیجیتاڵ
سبەی پارێزگا و سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ھەڵمەتێک بۆ خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و چەپەرەکانی ئاوەڕۆ دەکات، جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "ئەوە یەکێکە لە پلانەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو."
ئەمڕۆ شەممە، 27-8-2022، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: سبەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، هەڵمەتێکی گشتگیر بۆ خاوێنکردنەوەی تەواوی چەپەرەکانی ئاوەڕۆ، بەر لە وەرزی بارانبارین لە سنووری سەرجەم شارەوانییەکان دەستپێدەکات.
بە گوتەی جێگری پارێزگاری هەولێر: "شەش تیم لە لایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی پێکدەهێنرێت، بۆ خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و چوار هەفتە بەردەوام دەبێت."
هێمن قادر گوتیشی: "هەفتەی یەکەم؛ شەقامە سەرەکییەکان، هەفتەی دووەم؛ شەقامە لاوەکییەکان و بازاڕەکان، هەفتەی سێیەم و چوارەم؛ چەپەرەکانی ناو گەڕەکەکان خاوێن دەکرێنەوە."
رۆژی دووشەممە 22-8-2022، بەسەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو بەڕێوەچوو. هێمن قادر بە رووداوی راگەیاند، "پارێزگای هەولێر پلانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو هەیە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ گفتوگۆ لەبارەی پلانەکان کراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێدراون لە کۆتایی ئەم مانگە یاخود سەرەتایی مانگی ئەیلوول دەست بە جێبەجێکردنیان بکەن."
لەبارەی پلانەکانیش، جێگری پارێزگای هەولێر گوتی، "دەست بە پاککردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان دەکەین و سەرۆکایەتی شارەوانی و ئاو ئاوەڕۆی هەولێریش بەرنامەی خۆیان هەیە بۆ پاککردنەوەی گشت ئاوەڕۆکان."
کۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ساڵی 2022، چەند جارێک لە هەولێر لافاو دروستبوو، بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ