رووداو- هەولێر
لە بەنداوی زاگرۆس لە پارێزگای کرماشان سێ گەنجی خەڵکی شاری گیەڵانی پارێزگای هەمەدان کەوتنە نێو ئاوەوە و خنکان. قایمقامی گیەڵان دەڵێت، گەنجەکان چوونەتە نزیک دەرگەی بەنداوەکە و نەیانتوانیوە بچنە دەرەوە.
دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی 26-8-2022 سێ گەنجی خەڵکی شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای هەمەدان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش چوونە بەنداوی زاگرۆس، بەڵام چوونە شوێنێکی مەترسیداری بەنداوەکە و ئەوەش بووە هۆی خنکانیان.
بەگوتەی وەحید محەممەدی، قایمقامی گیەڵان، ئەو گەنجانە چوونەتە ئەو شوێنەی ئاوەکەی لێ دەردەچێت و تەوژمی ئاوەکە بە تووندی هەر سێکیانی داوە لە دەرگەی بەنداوەکە و دەرفەتی نەداون بچنە دەرەوە.
غوڵامڕەزا شەهبازی، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرماشان رۆژی هەینی داوای لە خەڵکی پارێزگاکە و گەشتیاران کرد لەو شوێنانەدا مەلە نەکەن کە شارەزا نین یان قووڵە.
بەگوتەی غوڵامڕەزا شەهبازی، ئەو سێ گەنجەی خنکاون تەمەنیان لە نێوان 30 تاوەکو 33 ساڵاندایە و مەلەوانی باش نەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ