رووداو دیجیتاڵ
قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، پێنج كۆمپانیا زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ سەوزکردنی شاخی گۆیژە، دەشڵێت پلانیان تەواوی شاخی گۆیژە سەوز بكەن.
ئاوات محەممەد، قائیمقامی قەزای ناوەندیی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند پلانی سەوزكردنی شاخی گۆیژە فراوان دەبێت و كەرتی تایبەتیش هاوكارێكی باشی پرۆژەكەن و گوتی: "بۆ سەوزكردنی شاخی گۆیژە كۆمپانیاكانی ئاسیاسێڵ، قەیوان، دەروازە، تانوپۆ و ماس دەستیان بە سەوزکردنی شاخی گۆیژە کردووە، هەر یەكێك لەو كۆمپانیایانە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار لەو پرۆژەیەدا خەرج دەكەن".
قائیمقامی سلێمانی باسی لەوەشكرد، بۆ چاندنی دارەكانی ئەو شاخە و چۆنێتیی سەوزكردنی، بە جۆرێك كە سوودی بۆ ژینگە و كەمكردنەوەی رەشەبا هەبێت پرس و راوێژ بە پسپۆڕانی بواری كشتوكاڵی دەكەن.
ئاوات محەممەد دەڵێت مەرجی ئەوان بۆ ئەو كۆمپانیایانە ئەوەیە تاوەكو سێ ساڵ خزمەتی دارەكان بكەن، دواتر رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی بكەن.
بە گوتەی قائیمقامی سلێمانی، ئەوان پلانیان هەیە تەواوی شاخی گۆیژە سەوز بکەن، بەو مەرجەی کەرتی تایبەت هاوکاریان بکات.
رووكاری شاخی گۆیژە بە رووی شاری سلێمانیدا نزیكەی شەش هەزار دۆنم دەبێت و تاوەكو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار دۆنمی سەوز كراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ