ئاگر لە سنووری ماوەت لە پارێزگای سلێمانی کەوتووەتەوە؛ "بەهۆی بۆردوومانەوە بووە"

رووداو دیجیتاڵ

لە شەوی رابردووەوە لە سنووری گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی ئاگر کەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە كامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ‏كاژێر 11:00ی شەوی رابردوو بە فڕۆکەی جەنگی سنووری گوندی ‏گەڵاڵەی قەزای ماوەت بۆردوومان کرا و بەو هۆیەوە ئاگرێكی گەورە کەوتەوە.

حوسێن گەڵاڵەیی، دانیشتووی گوندی گەڵاڵەش لە قەزای ماوەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فڕۆکەیەکی جەنگی بە 3 مووشەک سنووری گوندەکەمانی بۆردوومان کرد و ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکەمان کەوتەوە."

حوسێن گەڵاڵەیی ئاماژەی بەوەکرد، ئاگربڕیان دروستکردووە و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن. گوتیشی، زیانی گیانی نەبووە.

هەر شەوی رابردوو، سنووری قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سوپای تورکیا زنجیرەیەک بۆردوومانی لە سنوری ناحیەی قەسرێ لە قەزای چۆمان و کوێستانەکانی قەزای سیدەکان و گوندی گەڵاڵەی قەزای ماوەت ئەنجام دا". 

بۆردوومانەکە کاژێر 10:57ی شەوی رابردوو بووە. ئەو ئەندامەی رێکخراوە ئەمریکییەکە کە کاریان دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە گوتی، شاخی کۆخە و چیای شێخ ناسر لە سنووری شارۆچکەی قەسرێ لە چۆمان بۆردوومان کراون.

کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، هەر شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا کوێستانەکانی لۆلان و خنێرەیان لە سنووری قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر بۆردوومانکرد؛  گوتیشی، "لە بۆردوومانەکاندا زیانی گیانی نەبووە".

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، لە 15ـی حوزەیرانەوە بۆ 15ـی تەممووز، لە ئەنجامی "هێرشەکانی تورکیا هاونیشتمانییەک لە سیدەکان بریندار بووە، 184 خێزان ئاوارە بوون؛ 68 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی سرووشتی سووتاوە، 19 خانوو زیانیان بەرکەوتووە".