د. رۆژ: لە کانی ماسی 28 پێشمەرگە 3000 سەرباز و جاشیان بەدیل گرت
رووداو دیجیتاڵ
د. رۆژ نووری شاوەیس لە پەرتووکی بیرەوەرییەکانیدا بەناوی "گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتیم" باسی یەکێک لە گەشتەکانیان دەکات بۆ بادینان، کە لەوێ بەشداریی داستانی بامەڕنێ و شەڕی کانی ماسی کردووە. دەڵێت، تازە بەفری چیاکان توابووەوە، ئاوی کەتینا بەرزبووەوە، کە دەریا سۆر لقێکی ئەو ئاوەیە، دانیشتووانی ناوچەکە خەڵکیان دەپەڕاندەوە و لەوێ بە چووپ پەڕیونەتەوە. ئەوکات کاک مەسعودیش لەوێ بووە. هەروەها بارەگای لقی یەکیش لەوێ بووە.
شیوعییەکان و کیمیاییەکە
د. رۆژ نووری دەڵێت: "لەوێ بارەگای هەموو حیزبەکانی لێ بوو، بەرەی کوردستانی پێکهاتبوو، بڕیار بوو هێزێکی یەکێتی بێنە ئەوێ، ئەوانیش هاتبوون، بارەگای حیزبی شیوعی و ئاشوورییەکانیش هەر لەوێ بوون، دوو فڕۆکەی عێراقی ئەو جێیەیان بە گازی کیمیایی بۆردوومان کردبوو، بەڵام خەڵکەکەی زۆربەی سەلامەت بوون. گوتیان چونکە لە دەربەندەکەدا بووین و چووینە سەرەوە گازەکە دابەزیوە بۆ خوارەوە، بۆیە ئێمە سەلامەت بووین."
هەر سەبارەت بەو کیمیابارانە. د. رۆژ دەڵێت: "چووینە بارەگای حیزبی شیوعی، بەرپرسەکانیان هەموویان لەوێ بوون، تۆما تۆماس بەرپرسیان بوو، لەبید عەباوی و گەلێکی دیکەیان لەوێ بوون، ئەوان هەموویان چاویان سوور بووبووەوە تەندروستیان باش نەبوو، پرسیمان بۆ واتان لێهاتووە؟ تۆما قسەی خۆشبوو، گوتی ئەوان بەخۆیان وایان لە خۆیان کردووە، بۆمبی گازەکە تەقییەوە، خەڵک هەمووی سەر شاخ کەوتن، ئەوان وازیان لە گفتوگۆ نەدەهێنا، یەکێک دەیگوت کیمیاییە، یەکێک دەیگوت کیمیایی نییە، تا گازەکەیان بەرکەوت."
هەڵوێستی پێشمەرگەیەک
هەر ئەو کاتەی لە بادینان دەبن، د. رۆژ بۆ یەکەم جار لەو ناوچەیە بەشداری لە شەڕێکدا دەکات، ئەویش دەستگرتن بووە بەسەر بارەگای فەوجی سوتکێ، دواتریش بەشداری لە داستانی بامەڕنێ دەکات.
د. رۆژ نووری شاوەیس سەبارەت بە داستانی بامەڕنێ نووسیویەتی: "لەگەڵ سەید ساڵح و بەرپرسانی ئەوێ قسەم کرد سەرەتا کارەکەیان لەلا قورس بوو، بەڵام دوایی گوتیان دەتوانین خەڵکی شارەزا بهێنین. سەید ساڵح خزمی لە نێو فەوجەکەدا هەبوو، پەیوەندی پێوە کردبوون، ئەو کابرایەی لەگەڵ سەید ساڵح رێکەوتبوو، بڕیاری دابوو کاتێک ئێمە هێرشەکەمان دەکەین، بەبێ تەقە فەوجەکە بدات بە دەستەوە."
پلانی شەڕ دادەنرێت و پلانەکە سەرکەوتوو دەبێت، سەرجەم سەرباز و جاشەکانی سەربازەکە، وەکو دکتۆر رۆژ دەڵێت: "وەکو مریشک کۆکرانەوە."
د. رۆژ نووری شاوەیس باس لەوە دەکات، ئەوکات کەسوکاری شەهیدەکان نزیکەی ساڵێک بوو مووچەیان وەرنەگرتبوو، بۆیە بڕیار دەدەن دیلەکان بە کەسوکاریان بفرۆشنەوە: "لە بادینان نزیکەی ساڵێک بوو یارمەتی خێزانی شەهید نەدرابوو، خۆی لە شەش مانگێکیش دەدا پێشمەرگە یارمەتی وەرنەگرتبوو، بۆیە گوتمان ئەو هەموو جاشەمان گرتووە چیان لێ بکەین و خۆ نایانکوژین، بشیان هێڵینەوە خەرجی و مەسرەفە لەسەرمان. باشترین شت ئەوەیە بیانفرۆشینەوە بە کەسوکاریان، بەپێی پلەکانیان پارەکەیان دیاری دەکەین، ئەوەش باش فریامان کەوت لە ماوەیەکی کەمدا پارەمان بۆ خێزانی پێشمەرگە و شەهید بەدەستهێنا."
هەر لەبارەی داستانی بامەڕنێ، د. رۆژ نووری شاوەیس باس لە هەڵوێستی پێشمەرگەیەک دەکات و دەڵێت: "پاش کۆتاییهاتنی شەڕەکە و نەمانی تەق و تۆق هەر لە ناو سەربازگەکەی بامەڕنی بووە دەنگە دەنگ، یەکێک دەیگوت نایدەم، یەکێک دەیگوت بیدە، یەکێک دەیگوت تەنیا دەیدەمە دکتۆر رۆژ، منیش کە گوێم لەوە بوو چووم سەیرم کرد پێشمەرگەیەکی رێکوپێکە، خەڵکی سازیار بوو، جانتایەکی دۆزیبووەوە مووچەی فەوجەکەی تێدا بوو، نزیکەی 40 هەزار دینار دەبوو، پارەکەی دا بە من، گوتی چی لێدەکەن، گوتم دەیدەینە ماڵە شەهیدەکان، بروسکەم بۆ کاک مەسعود کرد، لە لق لیژنەمان دروستکرد پارەکە بەسەر خێزانی شەهیدەکان دابەشکرا."
پلەکەی زەعیم عەلی
دوای شەڕەکە، د. رۆژ و پێشمەرگەکان دەگەڕێنەوە بارەگای لق، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی 1987 جارێکی دیکە سەردانی کاک مەسعود دەکەن لە بارەگاکەی خۆی، باسی ئەو چالاکییە بۆ کاک مەسعود دەکەن، کە کێ چی کردووە و کێ چی نەکردووە.
د. رۆژ نووری شاوەیس دەڵێت: "لە سەری مەتین بەڵێنم بە زەعیم عەلی دابوو، کە ئەوکاتە عەقید عەلی بوو، ئەگەر بامەڕنێ بگرین داوا لە جەنابی کاک مەسعود بکەم پلەیەکی تری بداتێ ببێ بە زەعیم، پێشتریش لە سووریا لەسەر داوای من پلەکەی لە ملازمەوە بووە عەقید، لەوێ جەنابی کاک مەسعود رازی بوو، بۆشی نووسییەوە و بووە زەعیم، برادەران هەموویان رازی بوون، تەنیا کاک عەلی خەلیل گوتی من رازی نیم. کاک مەسعود گوتی بۆ؟ ئەویش گوتی: ئەگەر ئەو زەعیم بێت گەورەترین پلەیە، واتە دەبێت بە سەرۆکمان، ئەو لەوە ترسابوو."
لە کانی ماسی 28 پێشمەرگە 3000 سەرباز و جاشیان بەدیل گرت
یەکێکی دیکە لەو شەڕانەی کە د. رۆژ بەشداری تێدا کردووە، شەڕی کانی ماسی بووە. د. رۆژ دەڵێت: "بیرمان لەوە کردەوە کە چالاکییەک بکەین دەنگ بداتەوە. بیرمان لە کانی ماسی، دێرەلوک و بێگۆڤا و ئەو جێیانە کردەوە، کە ئەوکاتە نیمچە شارێک بوون، سەرباز و جاشێکی زۆریان تێدابوو، پێمانباشبوو جێیەک بگرین گەورەترین هێزی حکومەتی لێ بێت، چونکە پێمانوابوو ئەو جێیە سەری مارەکەیە."
بە گوتەی د. رۆژ ئەوکاتە نزیکەی 10 فەوجی رژێم لە کانی ماسی بوون، پلانی شەڕەکە دادەنێن، وەکو تاقیکردنەوەیەکیش بڕیار دەدەن چالاکییەک بکەن، ئەویش هێرشکردنە سەر فەوجێک بووە کە تازە لە ئامێدی دروستکرابوو. کە فەرماندەکەی ناوی عەبدوڵڵا خەیات بوو و خەڵکی ئاکرێ بوو.
د. رۆژ دەڵێت: "بە سترێلا فڕۆکەیەکمان خستە خوارەوە، چەند ئەفسەرێکی تێدابوو، نەمابوون. نەخشەیەکی سەربازی زۆر گرنگمان لە ناو هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکە دییەوە. هەموو شوێنەکانی کوردستانی تێدا دەستنیشانکرابوو، نەخشەکەم بۆ کاک مەسعود نارد، سوودی زۆری لێوەرگیرا. هەتا راپەڕینیش هەر مابوو، نەخشەیەکی زۆر وردبوو."
گرتنی هەر رەبیەیەک چەند پێشمەرگەیەکی بۆ دادەنرێت، پێشمەرگەکانیش ئاگادار دەکرێنەوە دەست بەسەر هەر رەبیەیەکدا بگرن ئاگری تێبەردەن. بۆ ئەوەی خەڵکی ئامێدی بیبینن.
د. رۆژ دەڵێت: "تەمەر رەمەزان بە دوو خولەک رەبیەیەکی گرت، من تائێستاش سەرم لەوە سوڕماوە، چۆن تەمەر رەمەزان لەو ماوەیە کورتەدا توانی ئەو رەبیەیە بگرێت. دوای ئەوە کەوتینە خۆ بۆ کانی ماسی، ئەوە چالاکییەکی زۆر گەورە بوو، خۆ ئامادەکردنێکی ورد و زۆری دەویست... چاوەڕوانیمان کرد تاوەکو کاژێر سفر دەستیپێکرد، کاژێری سفریش هەڵاتنی مانگ بوو، ئەمجا دەست خۆمان وەشاند."
د. رۆژ هەروەها دەڵێت: "ئەو شەڕە گەورەیە هەمووی 28 پێشمەرگەی چاپوچەلەنگ کردیان، بڕوا نەدەکرا کە ئەو ئۆپەراسیۆنە گەورە تەنیا ئەو ژمارە پێشمەرگەیە ئەنجامی بدەن."
وەک د. رۆژ دەیگێڕێتەوە لەو شەڕەدا سێ هەزار کەسیان بە دیل گرتبوو، کە 700 کەسیان سەرباز بوون و ئەوانی دیکە جاش بوون. سەبارەت بە چارەنووسی دیلەکانیش دەڵێت: "لەسەر هەمان سیاسەتی شەڕەکانی پێشتر پێمان باشبوو بە پارە ئازادیان بکەین، چونکە ئەمجارە خەڵکێکی زۆر لە شەڕەکاندا زیانیان پێگەیشتبوو، مەسرەفیشمان قەبە بوو وەکو لق و پێشمەرگەیەکی زۆر، دارایشمان زۆر لاواز بوو، بروسکەیەکمان بۆ جەنابی سەرۆک کرد، کە جاشە دیلەکان بە پارە ئازاد دەکەین. داواشمان کرد فەرمانێک دەربکەن کەس بە واسیتە بۆ بەردانی کەس نەکات، چونکە دەست بەو واستە و واستەکارییەک کرابوو، ئیدی کەس بۆی نەبوو واستە بکات."
گرنگی شەڕی کانی ماسی
د. رۆژ باس لە گرنگی شەڕی کانی ماسی دەکات و دەڵێت: "کانی ماسی لەسەر سنووری تورکیایە، بەهێزترین خاڵی سەربازی عێراق بوو لەو ناوچەیە، ساڵانێک مەگەر پێشمەرگە لە دوورەوە هاوەنێکی تێگرتبێت. هەر چالاکییەک لەوێ بکرایە کاریگەریی زۆری لەسەر عێراق دەبوو، تورکیا وەک وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ و هاوسنوور و گرنگی ناوچەکە پێی دەزانی و حیسابی بۆ دەکرد. واش بڕیار بوو هەر لەو ماوەیەدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەو ناوچەیە بکات لەبەری تورکیاوە، بۆیە دڵنیا بووین نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەو چالاکییەی پێشمەرگە ئاگادار دەبن. یەکەمجاریش بوو کە لە ئاژانسە جیهانییەکانی هەواڵەوە باسی شەڕی کانی ماسی کرا."