پسپۆڕێکی وزە: ئەو دووکەڵەی لە پاڵاوگەکانی گوێڕ بڵاودەبێتەوە ژەهراوی و مەترسیدارە

رووداو دیجیتاڵ

دوای چوار ساڵ لە کردنەوەی خواردنگەیەک لە گوندی تەرجانی سەر بە ناحیەی گوێڕ، بەهۆی بەردەوامیی بۆنی ناخۆش، دووکەڵ و گازی بڵاوەبووی پاڵاوگەکانی نزیکی، خاوەنەکەی دایخست.
 
گوندی تەرجان 37 کیلۆمەتر لە شاری هەولێر دوورە، سەدان پاڵاوگە کەوتوونەتە بەرامبەر ئەم گوندە و شەو و رۆژ دووکەڵی چڕ، بۆنی ناخۆش، تەواوی ئاسمانی ناوچەکەی تەنیوە.
 
غەفوور بەکر، دانیشتووی گوندی تەرجان لە هەولێر بە رووداوی گوت "لەم ماوەیەی دواییدا رەوشەکە زۆر تێکچووبوو، بەتایبەت ئەم هاوینە، هەرکەس دەهات لە دەرەوەی دووکانەکە لەبەر دووکەڵ و بۆن نانی پێنەدەخورا، لە ژوورەش، موبەرەیدەکە هەوای دەرەوەی دەهێنایە ژوورەوە، بۆیە خەڵک بێزار ببوون، ئێمەش ناچار بووین دووکانەکەمان داخست." 
 
زۆرینەی پاڵاگەکانی ناوچەکە مۆڵەتی فەرمیی کارکردنیان نییە و مەرجەکانی پاراستنی ژینگە تێیاندا نزیکە لە سفر. خەڵکی گوندەکە، دووکەڵی پاڵاوگەکان بە هۆکاری نەخۆشی و ناخۆشییەکانیان دەزانن.
 
خالید ئەحمەد، دانیشتووی گوندەکە بە رووداوی گوت "ئەو پاڵاوگانە لە ساڵی 2010ـەوە دانراون، پێشتر کە نەبوون گوندەکەمان زۆر خاوێن بوو، هیچ نەخۆشیشمان نەبوو، کەچی ئێستا چەندین جۆری نەخۆشی لەنێوماندا پەیدا بووە، من خۆم دوو جار قەستەرە و باڵۆنم بۆ کراوە، چونکە دەمارەکانی دڵم گیراون." 
 
جووتیارێکی گوندی تورجان بەناوی سەلام ئەنوەر بە رووداوی گوت "تاکە شت کە ئێمە لەو پاڵاوگانە دەستمان بکەوێت دووکەڵەکەیانە، ئەگەر نا هیچ سوودیان نییە، خەڵکی گوندەکەمان تووشی چەندین نەخۆشی وەکو رەبوو، هەناسەتەنگی و شێرپەنجە بوون، کە پێشتر هیچ نەخۆشی وامان نەبووە، هەروەها پاوڵاگەکان زیانیان لە ژینگەی گوندەکەمان و زەوییە کشتووکاڵییەکانیشمان داوە، پێش ئەوەی ئەو پاڵاوگانە دابنرێن، هەموو رزقێک هەبوو، تەماتە و پەتاتە و هەموو بەرهەمێکی تەڕە و سەوزە، بەڵام ئێستا هیچ بەرهەمێکمان پێناگات، چونکە ئەو دووکەڵە دەوەرێتە سەر بەرهەمەکانمان و ناهێڵێت پێبگات." 
 
پسپۆڕێکی وزە لای پاڵاوگەکانی گوێڕەوە قسەی بۆ رووداو کرد، ئەو دەڵێت ئەو دووکەڵەی بڵاودەبێتەوە ژەهراوییە و ژیان لە نزیک ئەو پاڵاوگانە تەواو مەترسیدارە.
 
د. رەنج سیروان، پسپۆری وزەنوێبووەوەکانە و بە رووداوی گوت "زیانەکانی ئەم پاڵاوگانە یەکەم لەسەر هەوایە، دووەم لەسەر خاکە، لەو رووەی کە ئەو بارانەی دەبارێت، دەچێتە سەر رووکاری بەرهەمەکان و وشکیان دەکات، هەروەها ئاوی سەر زەوی و ژێرزەویشمان بەهۆی ئەو ئاوەوە پیس دەبێت." 
 
د. کارزان عەبدوڵڵا، پسۆپۆڕی هەناویش لەبارەی زیانەکانی ئەو پاڵاوگانەوە بۆ تەندروستی مرۆڤ گوتی "راستەوخۆ کاریگەری دەکەنە سەر تەندروستی سییەکانمان، تووشی رەبوومان دەکەن، تووشی گیرانی بۆرییەکانی هەواو نەخۆشییە درێژخایەنەکانمان دەکەن، دووکەڵی ئەو پاوڵاگانە تووشی رەقبوون و گیرانی بۆرییەکانی خوێنمان دەکەن، هەروەها کاریگەریی خراپیان لەسەر نیشتنی پیسی و چڵک دەبێت لەسەر بۆرییەکانی خوێنی دڵ و بۆرییەکانی خوێنبردن بۆ مێشکمان." 
 
نزیکەی 200 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کورردستان هەن، هەرچەندە چەندین جار داواکراوە دابخرێن و پابەندی رێنماییە ژینگەیی و پارێزگارییەکان بکرێن لەپێناو تەندروستیی خەڵک، بەڵام هەبوونی ئەو هەموو دووکەڵە ژەهراوییە لە ئاسمانی شارەکانی هەرێم بەڵگەن لەسەر جێبەجێنەبوونی بڕیارەکە.