تورکیا گیانلەدەستدانی 4 گەریلای لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێک راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیدا لە ناوچە شاخاوییەکانی سێرت لە باکووری کوردستان 4 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گیانیان لەدەستدا.
 
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ی تەممووزی 2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گیانلەدەستدانی 4 گەریلای پەکەکەی راگەیاند و گوتی، فەرماندەیی جەندرمە لە ناوچە شاخاوییەکانی ناوچەی بەرواری لە پارێزگای سێرت ئۆپەراسیۆنێکی بە پاڵپشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام داوە. 
 
عەلی یەرلیکایا گرتەی ڤیدیۆیی ئۆپەراسیۆنەکەی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت، هەریەک لە سەمرا ئایڤێردی ناسراو بە بەندا ئامەد، سەیتهان سانجار ناسراو بە باران هێملین، یەعقوب نیشۆ ناسراو بە ساری ئیبراهیم و بیشنەک دورموش ناسراو بە دەستینا بۆتان کراونەتە ئامانج. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتیشی، ئەو چوار گەریلایە لە ساڵانی 2016-2022 لە 8 هێرش و بۆسە لە ناوچەکانی بەیتوشەبابی شرنەخ، بەرواری سێرت و چاتاکی وان بەشداربوون کە بوونەتە هۆی کوژرانی 6 سەرباز و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و برینداربوونی 6 سەربازی دیکە، هەروەها کوژرانی 5 هاووڵاتی سڤیل و برینداربوونی 11ی دیکە بەهۆی دانانی بۆمب و چاندنی مینەوە. 
 
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەو بارەوە هیچی نەگوتووە. 
 
هەپەگە لە راگەیێندراوێکی رۆژی 20ـی حوزەیرانی 2024دا رایگەیاند، 2 سەربازی تورکیا و 4 گوندپارێزیان لە رووبەڕووبوونەوەکدا لەگەڵ فەرماندەیی جەندرمە کوشتووە. 
 
ئەو شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە دێت بەناوی گورز کە وەزارەتی ناوخۆ لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان دەستیپێکردووە.