رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی عەرەب لە کەرکووک رایدەگەیێنێ، بەشێکی عەرەب دژی پەراوێزخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن. نوێنەرێکی تورکمانیش پەراوێزخستنی یەکێتی بە ئاسایی دەزانێ و دەشڵێ: عەرەب یەکدەنگ نین.
عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 6 کورسییان هەیە. عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عرووبە لە کەرکووک، رۆژی شەممە 27-07-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پێکهاتەی عەرەب یەکدەنگین لەسەر هاوپەیمانیکردن لەگەڵ پارتی دیموکراتیی کوردستان لەسەر پەراوێزخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش رای جیاواز هەیە."
هاوپەیمانیی عرووبە سەر بە هاوپەیمانی عەزمە بەسەرۆکایەتیی موسەننا سامەرائیی، خاوەنی کورسییەکی ئەنجوومەنەکەیە، گوتەبێژەکەی دەڵێ: خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەریی (سیادە)، چوار کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە، رێککەوتنی لەگەڵ پارتی و تورکمان هەیە، پۆستی پارێزگار بە نۆرە لەنێوان خۆیان دابەش دەکەن، بە جۆرێک ساڵێک بۆ پارتی و ساڵێک بۆ تورکمان و دوو ساڵ بۆ عەرەب، یەکێتیش پەراوێز بخەن."
بەڵام وەک حەمدانی باسی دەکات، بەشەکەی دیکەی پێکهاتەی عەرەب رایان جیاوازە، دژی پەراوێزخستنی یەکێتین کە 6 کورسیی هەیە، دەیانەوێ هەموو لایەنە براوەکان بەشداریی ئیدارەی خۆجێی کەرکووک بکەن. گوتیشی "بەغدا لەگەڵ پەراوێزخستنی یەکێتی نییە. ئەو حیزبەش لەگەڵ ئەوەیە پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بۆ یەکێتی و دوو ساڵەکەی دیکە بۆ عەرەب بێت."
بەگوتەی گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی عرووبە، "چوار کورسییەکەی خەمیس خەنجەر، جێگیر نییە، رەنگە لەکاتی بڕیاردانی یەکلاکەرەوەدا تەنیا دوو کورسیی بمێنێتەوە."
پارتی و تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەریەکەیان دوو کورسیی هەیە. ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە نەتەوەی تورکمان، رۆژی شەممە 27-07-2024 قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "پەراوێزخستنی یەکێتی کارێکی ئاساییە، کێ زۆرینەی پێکبهێنێت، دەتوانێ ئیدارەی پارێزگاکە هەڵبژێرێت."
سەبارەت بە رێککەوتنی پارتی و خەمیس خەنجەر و تورکمان، نوێنەرەکەی تورکمان گوتی "تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان پێکهاتەی تورکمان، عەرەبی و پارتی نەکراوە". هاوکات دانی بەوەدانا پێکهاتەی عەرەبی لەسەر هاوپەیمانیکردن لەگەڵ تورکمان و پارتی یەک دەنگ نین و رای جودایان هەیە."
11ـی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنى پارێزگا یەکەم کۆبوونەوەى کرد، بەپێی یاسا دەبێت لە ماوەى 30 رۆژدا پارێزگار هەڵبژێردرێت. ئەحمەد رەمزی گوتی "تاوەکو ئێستا، هیچ رێککەوتنێک لەسەر ناوی بەربژێر بۆ پارێزگاری کەرکووک نەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ