تورکیا بۆردوومانکردنی 25 پێگەی پەکەکەی راگەیاند و هەپەگە دەڵێ زیانی گیانیی نەبووە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بۆردوومانکردنی 25 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە کە رۆژی 26ـی تەممووزی 2024 بڵاوکراوەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسمانی بە هاوئاهەنگی میت، 25 پێگەی پەکەکەیان لە حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگا و پەناگە لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو؛ بەمەبەستی لەنێوبردنی ئەندامانی پەکەکە، تێکشکاندنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر هێزە ئەمنی و خەڵکەکانیان و بۆ پاراستنی سنوورەکانیان؛ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە ناوچەکانی مەتین، گارە، خواکوڕک، قەندیل و ئاسۆس ئەنجامدران. 
 
دوای بڵاوبوونەوەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، راگەیێندراوێکی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، لە بۆردوومانەکەدا زیانی گیانییان نەبووە. 
 
رۆژی 21ـی مانگ، هەپەگە رایگەیاند، لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک شەڕ لەنێوان گەریلاکان و سەربازانی سوپای تورکیا روویداوە و، لە ئەنجامدا 4 سەرباز کوژراون و سەربازێکی دیکەش برینداربووە.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.