لقی سێی پارتی لە کەرکووک: بە قەناس و دەستڕێژ تەقە لە بارەگاکەمان کراوە

رووداو دیجیتاڵ 

لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووداوی تەقەکردن لە بارەگاکەیان بڵاوکردەوە و، دەڵێ "لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە قەناس و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە، بەڵام پاسەوانەکانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە."

 

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە؛ رووداوەکە کاژێر 01:50ـی بەرەبەیانی روویداوە، "لە هێرشێکی ترسنۆکانەدا بارەگای لقی سێی پارتیمان کرایە ئامانج، بەڵام ئاگایی و هۆشیاریی پاسەوانەکانی بارەگای لق ئەم هەوڵەی پووچەڵ کردەوە."
 
مەبەستی سەرەکیی هێرشەکە بەگوێرەی لقی سێی پارتی بەئامانجگرتنی خاڵێکی بارەگای لقەکە بووە، "یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و مەبەستەکەش ئەوە بووە دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن."
 
رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 27-7-2023) روویدا و زیانی گیانی نەبوو. لقی سێی پارتی لە کەرکووک دەڵێ، "رووداوەکە پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت."
 
هەر ئەمڕۆ محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە رووداوی گوت ''بابەتەکە بەمەبەستی سیاسی و بۆ تیرۆرکردن بوو. دۆخی ئێستای کەرکووکیش کە گفتوگۆیەکی گەرم بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی لەئارادایە، گرێدراوی بابەتەکەیە.'' 
 
لایەنە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەن. ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی ''چوار رۆژ لەمەوپێش فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانم ئاگادارکردەوە و هێزێکی تاکتیکیی ناردە ئێرە، بەڵام هێزەکە لە پشتەوە نەبوو، بۆیە پێشمەرگەکانی خۆمان لێیان هاتنە دەست و زۆر بە باشی وەڵامیان دانەوە.''  
 
جگە لە لقی سێی پارتی، هاوکات هەر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەستڕێژی گوللـە لە ماڵی بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک کرا.  
 
محەممەد عوسمان، بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "دوای رووداوەکە چووینە ئەو شوێنەی تەقەی لێوە کرابوو. ئۆتۆمبێلێکی ئۆپڵ لە شۆستەکەی داوە و تێکچووە و جێهێڵدراوە کە پێدەچێت تەقەکەرەکان بەکاریان هێنابێت."