چوارشەممە دوایین کاتی لێخۆشبوونی 20%ـی پارەی کارەبایە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، 31ـی تەممووز دوایین کاتە بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی کارەبا. بەرپرسێکی کارەباش دەڵێت، تاوەکو ئێستا کاتی لێخۆشبوونەکە درێژنەکراوەتەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، دوایین کات بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی کارەبا، چوارشەممەی داهاتوو 31ـی تەممووزە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 27-07-2024، ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای گەرمیان بە رووداوی گوت: "درێژکردنەوەکە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبادایە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی هیچ نووسراوێک بە ئێمە نەدراوە کە کاتە درێژبکرێتەوە".
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27-03-2024 بڕیاری داشکاندنی 20%ـی لە پارەی کارەبا دەرکرد.
 
ئەمە جاری یەکەم نییە و ساڵانە زیاتر لە جارێک داشکاندنی هاوشێوە بۆ قەرزی کارەبا رادەگەیێندرێت و درێژ دەکرێتەوە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە ئێستادا کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 کاژێر هەیە و موەلیدە ئەهلییەکانیش نزیکەی 14 کاژێر کارەبا دابیندەکەن.