بەرپرسی لقی سێی پارتی: بە ئامانجی سیاسی و بۆ تیرۆرکردن تەقە لە بارەگاکەمان کرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەڵیت، تەقەکردنی شەوی رابردوو لە بارەگاکەیان بە ئامانجی سیاسی و بۆ تیرۆرکردن بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''لە دوو شوێنەوە لە پشتەوەی بارەگای لق تەقە کراوە و پێشمەرگەکان بە باشی وەڵامیان داونەتەوە''. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 27-07-2024، محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک لەبارەی تەقەکردن لە بارەگای لقی حیزبەکەی بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''پێشتر زانیاریمان هەبوو کە بارەگای لقی سێ بۆ دوژمنان ئامانجە. بۆیە سەرجەم پێشمەرگە و پاسەوانەکانمان ئامادەباش بوون.''
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کاژێر 03:00 تەقە لە بارەگای لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک کرا. محەممەد کەمال گوتی: ''لە دوو شوێنەوە لە پشتەوەی بارەگاکەوە تەقە کرا؛ نێو گۆڕستانەکە و نێو هەیکەلەیەک کە دەکەوێتە پشت گۆڕستانەکە''. 
 
بە گوتەی بەرپرسی لقی سێی پارتی، پێشمەرگە و پاسەوانەکانی لق وەڵامی تەقەکردنەکەیان داوەتەوە و دواتر تەقەکەران هەڵهاتوون و شوێنەکەیان جێهێشتووە.
 
محەممەد کەمال لەبارەی ئامانجی تەقەکەرەکان دەڵێت: ''بابەتەکە بە مەبەستی سیاسی و بۆ تیرۆرکردن بوو. دۆخی ئێستای کەرکووکیش کە گفتوگۆیەکی گەرم بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی لە ئارادایە، گرێدروای بابەتەکەیە''. 
 
لایەنە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەن. ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی: ''چوار رۆژ لەمەوپێش فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانم ئاگادارکردەوە و هێزێکی تاکتیکی ناردە ئێرە، بەڵام هێزەکە لە پشتەوە نەبوو، بۆیە پێشمەرگەکانی خۆمان لێیان هاتنە دەست و زۆر بە باشی وەڵامیان دانەوە''. 
 
هاوکات هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستڕێژی گولـلە لە ماڵی بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک کرا.  
 
محەممەد عوسمان، بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "دوای رووداوەکە چووینە ئەو شوێنەی تەقەی لێوە کرابوو. ئۆتۆمبێلێکی ئۆپڵ لە شۆستەکەی داوە و تێکچووە و جێهێڵدراوە کە پێدەچێت تەقەکەرەکان بەکاریان هێنابێت."
 
بەپێی زانیارییەکان، هیچ یەک لە رووداوەکان زیانی گیانیان نەبووە.