سوودانی بۆ نوێنەرانی تورکمان: دەبێت بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک لە سەرووی هەر رێککەوتنێکەوە بێت

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوەی تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، گرنگە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک لە سەرووی هەر رێککەوتنێکی نێوان هێزە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بێت. ئەندامێکی تورکمانی بەشداری کۆبوونەوەکەش دەڵێت، "سوودانی گوتی، نابێت هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز بخرێت."
 
ئەمڕۆ شەممە 27-07-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوەی تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە.
 
نەتەوەی تورکمان دوو نوێنەری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە، کە بریتین لە ئەحمەد رەمزی کەریم و سەوسەن عەبدولواحید شاکر، هەردووکیان لە کۆبوونەوەکەدا بوون.
 
ئەحمەد رەمزی بە رووداوی گوت، "کۆبوونەوەکە زۆر گرنگ بوو. بەڕێز سەرۆکوەزیران بۆچوونی خۆی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک روونکردەوە و گوتی، نابێت هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز بخرێت. محەممەد شیاع سوودانی سوور بوو لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک."
 
ئەحمەد رەمزی دەڵێت، وەکو نوێنەرانی تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ستایشی رۆڵ و دەستپێشخەری سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کرد لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن.
 
نوێنەرەکەی تورکمان گوتی، "پرۆژەمان وەکو بەرەی تورکمانی عێراقی بریتییە لەوەی پۆستی پارێزگار و پۆستە سەرەکییەکانی پارێزگاکە بە نۆرە بێ لەنێوان هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکە."
 
هەر لەوبارەوە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوەوە، کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانییەتی بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە نیشتمانییەکانی پارێزگاکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت لە کەرتەکانی پەرەپێدان، خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی کاری دەزگا خۆجێییەکانی پارێزگاکە.
 
سوودانی گوتوویەتی، "گرنگە بەرژەوەندی خەڵکی کەرکووک بخرێتە سەرووی هەر رێککەوتنێکی هێزە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنەوە." هەروەها رایگەیاندووە، گرنگە وەکو یەک تیم کار بکرێت، دوور لە پەراوێزخستنی هەر هێزێکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی لە کەرکووک.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق هانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی داوە حکومەتی خۆجێیی پێکبهێنن و ئەوەی پێویست بێ بۆ باشکردنی دۆخی ئابووری بکرێت و ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری بەهێز بکرێت.
 
رۆژی 25ی تەممووزی 2024 سوودانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەى عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە.
 
سەلوا ئەحمەد، ئەندامی هاوپەیمانیی عەرەبی و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، سەرۆکوەزیران پێی راگەیاندوون لە ماوەیەکی نزیکدا بە جیا لەگەڵ فراکسیۆنەکانی کورد و تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە.
 
11ى تەممووز ئەنجوومەنى پارێزگا یەکەم کۆبوونەوەى کرد، بەپێی یاسا دەبێت لە ماوەى 30 رۆژدا پارێزگار هەڵبژێردرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە