لە چوار مانگدا 1.2 ملیۆن کەس لە دەروازە سنوورییەکانی ورمێوە گەشتیان کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە و رێگەوبانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە ماوەی چوار مانگدا (نیسان تاوەکو تەممووز)ی ئەمساڵدا یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس لە دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هاتووچۆیان کردووە کە زۆرترینیان لە دەروازەی سنووری خۆی لە نێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستان بووە. 
 
پەیمان ئاراموون، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە و رێگەوبانی پارێزگای ورمێ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، مانگی رابردوو تێرمیناڵە نوێیەکەی دەروازەی سنووری رازی لەلایەن وەزیری رێگەوبان و گەشەپێدانی شار بە فەرمی کرایەوە، هەروەها هاتووچۆ لەو سنوورە و دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران کراوەتە 24 کاژێری و ئەمەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران هەبووە.
 
بەگوتەی پەیمان ئاراموون، زۆرترین گەشتیار لە رێگەی دەروازەی رازی لە شاری خۆی گەشتیان کردووە، کە ژمارەیان 494 هەزار گەشتیار بووە، دواتر دەروازەی سنووری بازرگان لە ئاستی پارێزگای ورمێدا بە پلەی دووەم دێت و لە چوار مانگی رابردوودا لەو سنوورەوە 447 هەزار کەس هاتووچۆیان کردووە.
 
 بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە و رێگەوبانی پارێزگای ورمێ هەروەها دەڵێت، لە سنووری سێروی شاری ورمێش لەو چوار مانگەدا 182 هەزار کەس هاتووچۆیان کردووە کە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
ئەم بەرپرسەی پارێزگای ورمێ هیچ ئاماژەی بە ئامارەکانی هەردوو دەروازەی سنووری تەمەرچین -حاجی ئۆمەران و کێلێ لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان نەداوە.
 
لە پارێزگای ورمێ رۆژهەڵاتی کوردستان پێنج دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیانیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجوانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەران لەگەڵ هەرێمی کوردستان.