دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ماوەی مانگێک ئاو بەسەر چەند گەڕەکێکی کەرکووک دابەش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت، 25 رۆژە ئاویان نەهاتووە و توانای کڕینی ئاوی نەماوە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕیاری داوە بۆماوەی مانگێک ئاو بگەیێنێتە چوار گەڕەکی کوردی لە شارەکە.
محەممەد مەهدی، دانیشتووی گەڕەکی کوردستان بە رووداوی گوت، "تانکییەکانمان قەترە ئاوی تێدا نییە، 25 رۆژە ئاومان نەهاتووە. هەموو هاوینێک ئەمە دۆخی ئێمەیە."
وەرزی هاوین بۆ خەڵکی ئەو گەڕەکە پڕە لە مەینەتی، چونکە جگە لە کەمیی ئاو، کێشەی خزمەتگوزارییان هەیە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆماوەی یەک مانگ هەڵمەتی دابەشکردنی ئاوی لە گەڕەکەکانی کوردستان، تەپە، بەشێکی رەحیماوا و سەرچنار دەستپێکردووە.
رۆژانە لە رێگەی پێنج تانکەرەوە بەیانییان و ئێواران ئاو دەگەیێننە ئەو ماڵانەی ئاوی بۆرییان پێ ناگات. هەڵمەتەکە بە هاوکاریی فەرمانگەی دابەشکردنی ئاوی کەرکووکە و ئەو ئاوەی دابەشی دەکەن، شیرین و پاکە و لەلایەن فەرمانگەکەوە لە بیرەکانی خۆیان پڕی دەکەن.
رێبوار جەباری، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی، "بۆماوەی مانگێک ئێمە بەردەوام ئاو دابەش دەکەین، ئەگەر توانیمان کەمێک بارسووکی بۆ هاونیشتمانییان بکەین باشە، ئەگینا پڕۆژەکە بەردەوامی پێدەدەین. 10 تانکەر دابین دەکەین، هەر تانکەری 20 هەزار لیترە، هەر تانکەرێک دەتوانێت پشتگیریی شەش بۆ حەوت ماڵ بکات."
فەرمانگەی دابەشکردنی ئاوی کەرکووک رایدەگەیێنێت، کێشە لە پڕۆژەکانی ئەوان نییە کە ئەو گەڕەکانەی بێئاو کردووە. هۆکاری ئەو کێشەیە زیادەڕۆیی سەر تۆڕی کارەبای پڕۆژەکانیانە و بۆ چارەسەریش، داوای گواستنەوەی تۆڕی کارەباکەیان کردووە.
هیشام زەنگەنە، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی ئاوی کەرکووک گوتی، "ئەم گەڕەکانە پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان هەیە لە سنووری دوبزە لە عەمشە. ئەو سنوورەش لە جەژنەوە تائێستا کێشەی کارەبایان هەیە، کارەباکە زێدەڕۆیی زۆری لەسەرە و ڤۆڵتییەی دابەزیوە بۆ 180 کە ڤۆڵتییەی داببەزێت، ناتوانین لە دوو ماتۆڕ زیاتر ئیش پێبکەین."
گەڕەکی کوردستان لەدوای 2003ـەوە دروستکراوە، ئەو کات تەواوی دانیشتووانەکەی کورد بوون، پێشتر سەربازگەی رژێمی سەدام بووە، بەڵام بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاری، تاوەکو دێت کورد ئەو گەڕەکە جێدەهێڵن و ئاوارەی پارێزگاکانی دیکە و سنووری حەویجە کە عەرەبن، تێیدا نیشتەجێ دەبن.