سەعدی ئەحمەد پیرە: هەفتەی داهاتوو پارە بۆ مووچە دێت

28-07-2023
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

هاتنی شاند دوای شاندی هەولێر بۆ بەغدا، سەرەنجام کۆنووسێکی لێکتێگەیشتنی لێکەوتەوە. رووداو لە سەرچاوەی تایبەتەوە زانیویەتی، هەفتەی داهاتوو، بەغدا 906 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات و بەوەش مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگێک دوای مووچەخۆرانی عێراق مووچەکانیان وەردەگرن.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "پێموایە ئەگەر بابەتێک ھەبێت لەلایەن کوردستانەوە پێوەی پابەند نەبین، باش نییە دواخستنی؛ پێویستە ھەوڵی ئەوە بدرێت رێکبکەوین بەو شێوەی لە یاساکەدا ھاتووە بەو شێوەیە بێت، ئەگەر لە عێراقیش لایەنێک یان گرووپێک کێشە دروستبکات، پێویستە ھەموومان بەیەکەوە لە عێراق چارەسەری بکەین. بەھەرحاڵ، بڕوام وایە ھەفتەی داھاتوو پارە دێت بۆ مووچە."
 
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە تەواوی رێککەوتنەکانی تایبەت بە یاسای بودجە دەربڕیوە، بەڵام تائێستا حکومەت و لایەنە عێراقییەکان، لە درووشمەوە پێیان نەناوەتە قۆناخی کردار.
 
حوسێن موئنیس، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "رازی نابین مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان رابگیرێت، ئەمە زۆر گوشاری خستووەتە سەرمان، ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی ئەم بابەتە بۆئەوەی ھەموو ھاووڵاتییەک مافی خۆی پێبدرێت، بەتایبەتی برایانمان، فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان."
 
بەپێی دوایین رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، تاوەکو ئەو کاتەی خاڵەکانی یاسای بودجە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ نەکرێن، کە دیارترینیان ناردنی مانگانە 400 هەزار بەرمیل نەوت و رادەستکردنی سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانە، بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نانێرێت.
 
تاوەکو ئەم ساتە، ھیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە نەکراوە، ئەوەی ھەیە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە تەمویلی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە