شەش ساڵە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخ و سەیرانبەن چاکنەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
رێگەی دەروازەی سنووری باشماخ و سەیرانبەن باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە، رۆژانە سەتان گەشتیار لە ئێرانەوە بەو رێگە خراپەدا لە دەروازەی هەرێمی کوردستان دێنە ژوورەوە.
هەزاران جووتیار و بازرگانیش بۆ گواستەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی پێنجوێن و کاڵا هاوردەکراوەکانی ئێران بۆ پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەو رێگەیە بەکاردەهێنن.
رێگەکە ئاستەنگی تەواوی بۆ شۆفێرەکان دروستکردووە و دوو سایدیشی هێشتا نەکراوەتەوە. شاهۆ رەفیق، شۆفێرێکە لە رێگەی باشماخ – پێنجوێن و بە رووداوی گوت: "سێ ساڵە لەم رێگەیەوە هاتووچۆ دەکەین و زۆر ناڕەحەت بووین، بەشێکی زۆری شەقامەکە تێکچووە و رۆشتن پێیدا سەختبووە، شەقامەکە پڕ چاڵ و چۆڵییە، ئێستا کە هاوینە دۆخەکە ئاوهایە جگە لە ئۆتۆمبێلی میکزەمینی هی دیکە دەرناچێت لەکاتێکدا پێنجوێن خاوەنی داهاتێکی زۆری کشتوکاڵی و بازرگانییە لە دەرەوازە سنورییەکانەوە."
رەحیم سدیق، شۆفێرێکی دیکەیە و گوتی: "رۆژی سێ بۆ پێنج جار لەم شەقامەوە هاتووچۆ دەکەین، بەڵام زۆر ناڕەحەتە و بەربەستی زۆر تێدایە و ئۆتۆمبێلەکانمان بەهۆی ئەو شەقامەوە زۆر خراپبووە."
رێگەکە لە شەش کیلۆمەتر و نیوەوە زیادکراوە بۆ 10 کیلۆمەتر لەسەر هەمان بڕە پارە کە 35 ملیار دینار بووە، تاوەکو ئێستا 22 ملیاریان بۆ خەرج کراوە.
دلێر شوانی، بەڕێوەبەری گرووپی کۆمپانیاکانی میلادە بە رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی پلاندانان لەسەر پڕۆژەکەی ئێمە نوسراوی کردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی ئایار، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە و تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژەکە نەکراوە، هەروەها گلەیی ئێمە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش ئەوەیە کە پڕۆژەکە پێویستی بە 11 ملیار دینارە، بەڵام ئەوان تەنها داوای سێ ملیار دیناریان لە حکومەت کردووە بۆمان لەکاتێکدا نیوەی ئەو سێ ملیارە پارەی ساڵی رابردووە کە دەبوایە بۆمان خەرج بکرایە، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەمساڵیش پڕۆژەکە تەواو نابێت."
بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبانی سلێمانی داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ دابینکردنی بودجە، بەڵام دەڵێن، وەڵامیان نەدراوەتەوە.
رزگار عەلی، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەکو وەزارەتی پلاندانان دوو پلانمان هەبووە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان، بەڵام بەهەردوو پلانەکە پلانی ئەو پڕۆژەیەی رێگەی باشماخ - پێنجوێنمان ناردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە و پارە بۆ پڕۆژەکانی ئەم سنوورە خەرج ناکرێت."
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، تەواوکردنی سەرجەم کاری رێگەکە کۆمپانیا پێویستی بە سێ مانگ کارکردن و 11 ملیار دینار هەیە، کۆمپانیاکەش هۆشداریی ئەوەشی داوەتە حکومەت لە ئەگەری پێنەدانی شایستە داراییەکانیان تاوەکو کۆتایی هەفتە شەقامەکە دادەخەن.