بەهۆی بۆردوومانەوە لە 24 کاژێردا 'زیاتر لە 670' دۆنم زەوی لە بەرواری باڵا سووتاون

27-07-2021
ئەیوب نووری
سووتانی دارستانەکانی بەرواری باڵا. ڤیدیۆکە بۆ رووداو نێردراوە
سووتانی دارستانەکانی بەرواری باڵا. ڤیدیۆکە بۆ رووداو نێردراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە دوێنێوە ئاگر لە چەند شوێنێکی ناوچەی بەرواری باڵا کەوتووەتەوە، خەڵکی گوندەکانیش ناتوانن بچن بیکوژێننەوە.
 
سەربەست سەبری، بەرێوبەری ناحیەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بێجگە لە گوندی هروور و کۆمەڵگەی بریفکا، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا ئاگر لە نزیک گوندێ بازێش کەوتووەتەوە" و دووکەڵێکی زۆر ئاسمانی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
 
سەربەست سەبری گوتیشی، "لە دوێنێوە زیاتر لە 670 دۆنم زەوی سووتاون، زۆربەی ئەو دارانەی سووتاون دار بەڕوون لەگەڵ هەندێ لە رەز و بێستانەکانی خەڵک".
 
ئەیاد هرووری، خەڵکی گوندی هروور لە ناوچەی بەرواری باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ ئێوارە بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا ئاگر لە ئاقاری گوندی هروور و کۆمەڵگەی بریفکا کەوتووەتەوە و ئاگرەکە هێشتا کۆنترۆڵنەکراوە". ئەو هاونیشتیمانییە گوتیشی "لەبەر مەترسییەکانی تۆپباران و بۆردوومان، کەس ناتوانێت بچێت بیکوژێنێتەوە".
 
ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەی بەرواری باڵا لە 23ی نیسان دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، لە ئەنجامدا پێنج گوندی ناوچەکە چۆڵکراون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە