دوو پڕۆژە بۆ پەرستگەی لالش جێبەجێدەكرێن
رووداو - هەولێر
دوو پڕۆژە بۆ پەرستگەی لالش جێبەجێدەكرێن و یەکێکیان لە 90%ـی کارەکانی تەواوبووە.
سەردار یەحیا، قایقمامی شێخان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەسەر ئەركی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو دوو پڕۆژەكە بۆ پەرستگەی لالش جێبەجێدەكرێن، کە یەكێكیان پڕۆژەی ئاوی پەرستگەكەیە و لە 90%ی كارەكانی تەواو بووە. ئەوی دیکەش پڕۆژەی جووتسایدی رێگەی لالشە کە لە 25%ـی کارەكانی تەواوكراوە.
گوژمەی هەر دوو پڕۆژەكە نزیكەی 500 ملیۆن دینارە و بڕیارە پێش كۆتایی ئەمساڵ تەواوبكرێن.
لالش تاكە پەرستگەی کوردانی ئێزدییە، كە ساڵانە لە سەرتاسەری دونیاوە گەشتیار رووی تێدەكات، ئەو پەرستگەیە نزیكەی 11 كیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای شێخانەوە دوورە.