جەلەولا.. داعش خۆڵ و خاشاک بە پێشمەرگەدا دەتەقینێتەوە
رووداو- هەولێر
داعش 60 چەکداری بیانی هێناوەتە نێو جەلەولاو دەیانەوێت ئەو خاڵەی هێزی پێشمەرگە بگرنەوە، کە بەسەر هەموو جەلەولادا دەڕوانێت.
هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری رووداو لە جەلەولاوە رایگەیاند، ''چەکدارانی داعش کاژێر 2:45 ئۆتۆمبێلێکی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە گەڕەکی وەحدە لە ناحییەی جەلەولا دەهێننە نێوان دوو رەبایەی هێزی پێشمەرگەو دواتر هەڵدێن و ئۆتۆمبێلەکە دەتەقێننەوە و دەبێتە هۆی برینداربوونی 28 پێشمەرگە''.
سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرایکردووە، ''دوای تەقینەوەکە داعش لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیان بۆ سەر ئەو رەبایەی پێشمەرگە کردووە و هێزەکانی پێشمەرگە تەنیا بەرگریان کردووەو تا 3 کاژێر شەڕ بەردەوامە بووە''.
بە پێی زانیارییەکانی رووداو، کە لە سەرچاوەیەکی سەربازییەوە پێڕاگەیەندراوە، داعش نزیکەی 60 چەکداری بیانی هێناوەتە ناو جەلەولاوە و کەسانێک رێنوێنییان دەکەن بۆ نیشاندانی رەبایەکانی پێشمەرگە لە نێو جەلەولا، بە تایبەتی دەیانەوێت ئەو رەبایە بگرن کە بەسەر هەموو ناوچەکەوە دەڕوانێت.