لە هەولێر پارەی ئەو موەلیدانەی کارەبا بۆ بیرەکانی ئاو دابین دەکەن، خەرج دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو پارەی ئەو موەلیدە ئەهلییانە دەدرێت کە کارەبا بۆ بیری ئاو دابیندەکەن. 

خۆران خۆرانی، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2024، لە ئەنجوومەنی وەزیران واژۆ لەسەر پێدانی پارەی ئەو موەلیدە ئەهلییانەی کارەبا کراوە، کە کارەبا بۆ بیرەکانی ئاوی گەڕەکەکان تەرخاندەکەن. بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشێک لە پارەکە بکرێت."
 
سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر دەڵێت، ئەو پارەیەی دەدرێت، پارەی پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵە و بە چەند جارێک دابەشدەکرێت.
 
بە گوتەی خۆرانی 264 بیری ئاوی هەولێر لەلایەن موەلیدە ئەهلییەکانەوە کارەبایان بۆ تەرخاندەکرێت بۆ ئەوەی رێگە لە کەمئاوی و نەبوونی ئاوی ماڵان لە گەڕەکەکان بگیرێت.
 
ئەو موەلیدە ئەهلییانەی کارەبا دەدەنە بیرەکان لەنێوان 60 بۆ 150 ئەمپێر دەدەن بەپێی بیرەکان، بە نرخی ئەمپێری ماڵان کارەبا بەو بیرانە دەدرێت، بەشێکیان پێنج مانگە پارەیان لە حکومەت وەرنەگرتووە، بەشێکشیان نزیکەی ساڵێکە.
 
ئیدریس عەلی، خاوەنی یەکێک لە موەلیدە ئەهلییەکانی گەڕەکی مامزاوای شاری هەولێرە، کارەبا بۆ دوو بیری گەڕەکە تەرخاندەکات، کە بە گوتەی خۆی 306 ئەمپێریان دەداتێ، ئەو دەڵێت: "من لە 1ـی حەوتی ساڵی رابردووەوە هیچ پارەیەکم وەرنەگرتووەتەوە، قەرزێکی زۆرم لەسەر کۆبووەتەوە، نزیکەی 13 مانگ دەبێت پارەم لەلای حکومەتە کە 45 ملیۆن دینار دەکات."
 
هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە بەشی پڕکردنەوەی سەرجەم خواستی بەکاربەرانی ناکات و بە ناچاری پشت بە موەلیدە ئەهلییەکان دەبەسترێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە کارەبا دروست دەبێت.