رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پەیامێکی بەبۆنەی دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و پێشوازی لێدەکات.
ستیفن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 27-6-2024) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند "بە دەستنیشانکردنی 20ـی 10 وەکو رۆژی هەڵبژاردنەکان. داوا لە گشت لایەنەکان دەکەین کاربکەن بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر، کە لە وادەی راگەیێندراودا ئەنجام بدرێت."
دوێنێ دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20-10-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. دوای ئەوە کۆمیسیۆنیش ئامادەیی هەڵبژاردنی لەو رۆژەدا نیشاندا و بەدەستگەیشتنی مەرسوومی سەرۆکایەتیی ئاشکراکرد.
باڵیۆزی بەریتانیا هەروەها دەڵێ "پرۆسەی هەڵبژاردنی شەفاف بۆ بەردەوامیی گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێم (ـی کوردستان) زۆر پێویستە."
رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خولی شەشەمى پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 6ـی تشرینى دووەمى هەمان ساڵ کۆتایی دەهات.
لە 30ـی ئایارى 2023، دادگە درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە، بە پاساوى ئەوەى "نادەستوورییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ