بەرپرسێکی کۆمیسیۆن: هەفتەی داهاتوو لیستی بەربژێران وەردەگرین

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوایین وادەی تۆمارکردنی پارت، هاوپەیمانی، بەربژێرانی تاک و سەربەخۆیە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش دەڵێت، قۆناخی داهاتووی کارەکانیان وەرگرتنی ناوی لیستی بەربژانە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی پێنجەشەممە 27-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای تەواوبوونی وادەی تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانی و بەربژێرانی تاک، قۆناخێکی دیکە دەستپێدەکات، ئەویش کردنەوەی دەرگای پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرانە.
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن گوتی، هێشتا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە فەرمی هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە دیاریکردنی وادەی پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان لەلایەن پارت و هاوپەیمانییەکان نەداوە.
 
بەڵام عیماد جەمیل گوتی "بە ئەگەری زۆرەوە، هەفتەی داهاتوو دەست بە وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنەکە دەکەین." 
 
پێشتر کۆمیسیۆن تیروپشکی بۆ پارت و هاوپەیمانییەکان کردبوو، بەڵام ئێستا پارت و بەربژێری نوێ بەشداری دەکەن، عیماد جەمیل، گوتی ژمارەکانی پێشوو وەک خۆیان دەمێننەوە، تیروپشکێکی تەواوکاری دەکرێت، بۆ ئەوانەی تازە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
لە مەرسوومەکەدا جگە لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن، ئەوەی تێدا باسکراوە؛ دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بکەن بۆ جێبەجێکردنی مەرسوومەکە.
  
جگە لە لایەنە سیاسییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ژمارەیەک وڵات پێشوازییان لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن کرد، کە چوارەم جارە دیاریدەکرێت.
 
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق گوتیشی، دوای گەیشتنی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دەستدەکەن بە تەواوکردنی رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی دیاریکراوە.