لە جۆلەمێرگ ئێشکگری لە دژی قەییوم دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
دەم پارتی ئێشکگرییەکی نوێی لە پارێزگای جۆلەمێرگ دژی دانانی قەییوم بە درووشمەکانی 'گۆشەگیرکردن هەڵبگیرێت' و، 'قەییوم نەمێنێت' دەستیپێکرد.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئێوارەی چوارشەممەوە دەستی بە ئێشکگریی دژی دانانی قەییوم لەسەر شارەوانیی شارەکە کردووە.
ئەو ئێشکگرییەی دەم پارتی لە بازاڕی میللیی شارەوانی لە ناوەندی جۆلەمێرگ بەڕێوەدەچێت. لایەنگر و ئەندامانی دەم پارتی شەوان لەو شوێنەدا ئێشک دەگرن و ناڕەزایی خۆیان دەگەیەنن.
بەشێک لە بەرپرس و لایەنگرانی دەم پارتی بە زمانەکانی کوردی و تورکی پەیامیان گەیاند و داوایان کرد سیاسەتی قەییوم کۆتایی بێت.
رۆژی 3ـی حوزەیران بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی هەڵبژێردراوی شارەوانیی جۆلەمێرگ لەسەر کار لادرا و عەلی چەلیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ بە قەییووم لە شوێنی دانرا.
5ـی حوزەیران دادگاییکردنی ئاکش لە چوارچێوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەکانی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەڕێوەچوو و، بە 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا.
لە 3ـی حوزەیرانەوە لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیا خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی دانانی قەییوم بۆ شارەوانی جۆلەمێرگ دەکرێت.
دەم پارتی بڕیاریدا لە سەرجەم شارەوانییەکان داوای گردبوونەوە و چالاکی ناڕەزایی بکات. دوای ئەو بڕیارەی دەم پارتی لە 12 پارێزگای باکووری کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کران.