گوتەبێژی یەکێتی: پێزانینمان هەیە بۆ تێکۆشانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن

28-06-2024
شیراز رەئوف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، پێزانینیان هەیە بۆ هەوڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردن و باس لەوەشدەکات، هاوسەرۆکی پێشووی حیزبەکەیان و هێزە نوێیەکان کاریگەرییان لەسەر دەنگەکانیان نابێت و ددەنگەکانیان زیاد دەکەن.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئەزموونێکی خراپمان لەگەڵ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردن و ئەنجامنەدانی پرۆسەکە هەیە، بەڵام ئێستا هەڵبژاردن و کارابوونەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پێویستییەکی هەنووکەییە و هەر لایەنێک بیەوێت هەڵبژاردن پەکبخات ئەوا زیانێکی زۆر بە خۆی و بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
 
"دۆخی ناوچەکە مەترسیدارە و ئەگەر وریای خۆمان نەبین بەرەو هەڵدێران دەڕۆین" سەعدی پیرە لەبارەی گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن وای گوت.
 
 گوتیشی: هەڵبژاردن پیرۆزە و ناکرێت رێگریی لێبکرێت و بە دیاریکراویش ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی هێنا و گوتی، "پارتی نەیدەویست هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".

 

 
"تێکۆشانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لەبارەی دەستنیشانکردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی چوارشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2024، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان مەرسوومی پێنجەمی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و بەپێی مەرسوومەکە بڕیارە رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت: پێزانینمان هەیە بۆ تێکۆشانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی لەپێناو دەستنیشانکردنی وادەی هەڵبژاردن.
 
گوتیشی: دڵنیاین بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆری لەگەڵ حیزبەکەی خۆی داوە تاوەکو رازی بن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی وادەی پرۆسەکە.
 
لەبارەی پێشبینیی و گریمانەکانیش بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکە و کەمبوونەوە و زیادبوونی دەنگی لایەنەکان، گوتەبێژەکەی یەکێتی دەڵێت: دەنگەکانی یەكیتی بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن.
 
گوتیشی: راستە یەکێک لەو لیستانەی ئەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەکات لەلایەن هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتییەوە دروستکراوە، بەڵام ئەوە تەنیا کاریگەریی لەسەر یەکێتی نابێت.
 
"ئەزموونی ئەوەمان هەیە کەسێک لە حیزبێک جیاببێتەوە سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەستناهێنێت، لیستەکەی لاهوور شێخ جەنگی و لیستە نوێیەکانی دیکەش بە تەنیا کاریگەرییان لەسەر دەنگەکانی یەکێتیی نابێت"، سەعدی ئەحمەد پیرە وای گوت.
 
گوتیشی: پێمانوایە لەم هەڵبژاردنە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رێژەی دەنگەکانیان زیاد دەکات و یەکگرتوو لە دهۆک ئاستی دەنگەکانی بەرزدەبێتەوە.
 
لەبارەی گۆڕینی سەرۆکی لیستەکەشیان بەتایبەت لە بازنەی سلێمانی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: خوازیارین کاک بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتیی لیستەکە بکات، بەڵام هیچ بڕیارێکی لەوجۆرە نییە و خودی بافڵ تاڵەبانیش رەزامەندیی دەرنەبڕیوە تاوەکو ببێتە سەرۆکی لیست.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانپێدانانی دوو بازرگانی ئامێری گزیکردن

دوو بازرگانی ئامێری گزیکردن قسە بۆ رووداو دەکەن

دوو گەنج، کە بەهۆی مامەڵەکردن بە ئامێری گزیکردن دەستبەسەرکراون، قسە بۆ رووداو دەکەن، چۆنییەتی دەستخستنی ئەو ئامێرە و شێوازی کارکردنیان رووندەکەنەوە.