رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بەئامانجکردنی 49 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. هەپەگە-ش کوژرانی هەشت سەربازی راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2024، لیوا زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردوودا 89 گەریلا و شەڕڤانیان کردووەتە ئامانج کە 49 گەریلا لە خاکی هەرێمی کوردستان بوون.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا باس لەوەش دەکات، ئۆپەراسیۆنەکان لە هاویندا بەشێوەیەکی زۆر جیاواز و لەو ناوچانە دەکرێن، کە پێشتر ئەنجام نەدراون و پلانی تایبەتی سەربازییان بۆ دانراوە. دەشڵێت: "ئۆپەراسیۆنەکان چڕتر دەکرێن."
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا باسی لەوەشکرد، کە پەکەکە لە گوندی دەرگەلە و لە نزیک یەکە نیشتەجێبووەکاندا تەقە لە سەربازان دەکات و بۆ ئەوەی خۆی حەشار بدات و لە رووبەڕووبوونەوە بەرامبەر هێزەکانی تورکیا دووربخاتەوە، ئاگر لە پووش و پاوانەکان و دارستانەکانی ناوچەکەدا بەر دەدات.
هەمان رۆژ، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی هەشت سەرباز و برینداربوونی چوار سەربازی دیکەی راگەیاند.
هەپەگە لە راگەیێندراوەکەیدا باس لەوە دەکات لە رۆژانی نێوان 24-26ـی مانگدا حەوت جار لە گوندی دەرگەلە و دوو جار لە زاپ و جارێکیان لە مەتین هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ