وەزیری بازرگانی: زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە

27-06-2024
پەیمان محەممەد
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە. گوتیشی، ''ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتان لە ئاستێکی زۆر باشدایە".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-06-2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی لەبارەی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران رایگەیاند, ''تاوەکو ئێستا پڕۆسەکە بەردەوامە و زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، تاوەکو دوێنێ زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە".
 
700 هەزار تۆن وەکو پشکی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیاریکراوە. کەمال موسلیم گوتی، ''هێشتا ماوەیەکی زۆر ماوە، بۆیە ئەو بڕەی کە بۆمان دیاریکراوە، هەمووی وەردەگرین".
 
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 6ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە 45 رۆژ بەردەوام بێت. بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق بۆ هەر تۆنێک، 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.
 
''ئاڵوگۆڕیی بازرگانیمان لە ئاستێکی باشدایە''
 
هەرێمی کوردستان جیا لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتان بەتایبەتی ئێران، ئیمارات، هیندستان و تورکیا هەیە کە قەبارەی هاوردەکردنی زیاترە لە هەناردەکردن. 
 
وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان باسی لە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتان کرد و گوتی، ''ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لە ئاستێکی زۆر باشدایە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە کە بەرەو خراپی بچێت".
 
هەندێک لە خاوەن کارگە و کۆمپانیاکان گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە ئاسانکارییان بۆ ناکرێت بۆ ئەوەی لەسەر کارەکەیان بەردەوام بن، بۆیە روو لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەن.
 
بەگوێرەی ئامارێک کە ئارام بابان، ‏جێگری ‏سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏خاوەن ‏كارگەكانی ‏كوردستان لە 22-10-2023ـدا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاویکردەوە، بەهۆی رۆتیناتەوە 60٪ـی کارگەکانی پارێزگای سلێمانی داخراون و نزیکەی 20٪ـی دیکەشیان لە داخستن نزیکن".
 
کەمال موسلیم رەتیدەکاتەوە لە هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ کارگەکان نەکرابێت و دەڵێت، ''ئێمە هەر هاوکارییەک کە لە تواناماندا بووە لە رێگەی کەمکردنەوەی بڕی گومرگ، گۆڕینی ژمارەیەک بڕگە لە یاساکان و پاڵپشتیی بەرهەمەکانیانمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەندێک بابەتی وەکو پێدانی کارەبا بە نرخێکی هەرزان نەگونجاوە، چونکە لێرە گرفتی کارەبامان هەیە".
 
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەگەر کارگە و کۆمپانیاکان ببرێنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق یان تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش، لە کۆتاییدا ئەم پارەیە هەر بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵک دەگەڕێتەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانپێدانانی دوو بازرگانی ئامێری گزیکردن

دوو بازرگانی ئامێری گزیکردن قسە بۆ رووداو دەکەن

دوو گەنج، کە بەهۆی مامەڵەکردن بە ئامێری گزیکردن دەستبەسەرکراون، قسە بۆ رووداو دەکەن، چۆنییەتی دەستخستنی ئەو ئامێرە و شێوازی کارکردنیان رووندەکەنەوە.