لە 27 ساڵدا زیاتر لە 360 مەتر ئاوی ژێر زەویی بەحرکە کەمیکردووە

27-06-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری ناحیەی بەحرکەی هەولێر، لە ماوەی 27 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 360 مەتر دابەزیوە و لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی ناحییەکە دەڵیت، 17 بیری ئیرتیوازی لە سنوورەکەیاندا ئاستی ئاویان کەمیکردووە و وشکیان کردووە.
 
چەند هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی نەورۆزی ناحیەی بەحرکە لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو، باسی ئەوە دەکەن، نزیکەی دوو مانگە بێ ئاون و بیری گەڕەکەکەیان (بیری ژمارە 17) وشکی کردووە، ساڵانە لە وەرزی هاویندا رووبەڕووی گرفتی کەمئاوی دەبنەوە.
 
محەممەد حوسێن، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی بەحرکە میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، باسی لە دۆخی ئاوی سنوورەکەیان کردوو و گوتی، بەهۆی وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەسنووری ناحیەکەیاندا 17 بیری ئیرتیوازی هەن کە کێشەی کەمبوونەوەی ئاویان هەیە و وشکیان کردووە.
 
لەناحیەی بەحرکە 64 بیری ئیرتیوازی هەن کە رۆژانە ئاو بۆ دانیشتوانی ناحییەکە لە رێگەیانەوە دابین دەکرێت.
 
لەبارەی گرفتی گەڕەکی نەورۆزی ناحییەکە، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی ناحیەکە ئاماژەی بەوەکرد، "بیری ژمارە 17 لە گەڕەکی نەورۆز بەهۆی ئەوەی وشکی کردبوو، بیرێکی جێگرەوە لە تەنیشتی هەمان بیر بە قووڵی 500 مەتر هەڵکەندرا، بەڵام لە پشکنین دەرنەچوو بەهۆی ئەوەی 25 گاڵۆن/خولەک ئاوی هەبوو لەکاتێکدا دەبێت ئاوی بیرەکە 100 گاڵۆن/خولەک بێت بۆ ئەوەی بتوانرێت بەکاربهێنرێت، هەروەها داوای بیری سێیەممان لە هەمان شوێن کرد، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی جیۆلۆجی ئەو شوێنە چینەکانی ژێر زەوی وشکن و کەمئاون".
 
محەممەد حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ چارەسەکردنی کێشەی نەبوونی ئاو لەو گەڕەکانە بڕیارە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر دوو تانکەر بۆ ناحیەکە دابین بکرێت بۆ ئەوەی ئاو بگەیێندرێتە ئەو ماڵانە.
 
گوتیشی، "بڕیارە لە پرۆژەی ئاوی ئیفرازەوە رێژەیەک ئاو بدرێتە سنووری بەحرکە بۆ ماوەی ساڵێک، بەڵام هێشتا جێبەجێنەکراوە".
 
لە ناوەندی ناحیەی بەحرکە لە کۆی نزیکەی 20 هەزار خانوو و دووکان، 10 هەزار هاوبەشی ئاو هەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 5 هەزار هاوبەشیان پێوەری ئاویان بەستووە.
 
لە ماوەی 27 ساڵی رابردوودا ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری ناحیەی بەحرکە زیاتر لە 360 مەتر دابەزیوە و لەبارەی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری ناحیەکەیاندا، محەممەد حوسێن، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی بەحرکە دەڵێت، "من ماوەی 25 ساڵە لە فەرمانگەی ئاوی بەحرکە کاردەکەم و بەڕێوەی دەبەم، لە ساڵی 1997، قووڵترین بیر لە 85 مەتر دەگەشتنە ئاو و لە 140 مەتر باشترین ئاوی هەبوو، بەڵام ئێستا لە باشترین شوێن کە ئاوی هەبێت لە قووڵایی 500 مەتر ئینجا توانای پێدانی 75 گاڵۆن ئاوی هەیە لە خولەکێکدا".
 
گوتیشی، بۆ دابەشکردنی ئاو ئەگەر رۆژانە لە 20 کاژێر کەمتر کارەبای نیشتمانی هەبێت ناتوانین بە باشی کار بە بیرەکان بکەین و ئاو بۆ هاونیشتمانیان دابین بکەین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانپێدانانی دوو بازرگانی ئامێری گزیکردن

دوو بازرگانی ئامێری گزیکردن قسە بۆ رووداو دەکەن

دوو گەنج، کە بەهۆی مامەڵەکردن بە ئامێری گزیکردن دەستبەسەرکراون، قسە بۆ رووداو دەکەن، چۆنییەتی دەستخستنی ئەو ئامێرە و شێوازی کارکردنیان رووندەکەنەوە.